دوو فەرماندەی باڵای ئەرتەشی ئێران لەسەرکار لادران

لە ماوەی 9 مانگدا 15 فەرماندەی باڵای ئێران لە پۆستەكانیان لادەدرێن

K24 - ھەولێر

بە بڕیاری عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران، جێگری فەرماندەی گشتی ئەرتەش و فەرماندەی هێزی دەریایی ئەرتەشی ئێران لەسەرکار لادران.

عەلی خامنەیی، رێبەر و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران رۆژی یەکشەممە بە بڕیارێك، جێگری فەرماندەی گشتی ئەرتەش، فەرماندەی هێزی دەریایی و جێگری فەرماندەی ئەرتەش بۆ رێكخستنی نێوان هێزەکانی ئەرتەشی ئێرانی گۆڕی.

یەكێك لەو كەسانە ئەحمەد رەزا پوردەستان، جێگری فەرماندەی گشتی ئەرتەشی ئێرانە کە ساڵی رابردوو ئەو پۆستەی وەرگرتبوو و لەجێگەی ئەو محەمەد حوسێن دادڕەس وەك جێگری فەرماندەی ئەرتەش دەستنیشانکرا.

رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها حوسێن خانزادی وەک فەرماندەی نوێی هێزی دەریایی ئەرتەش لەجێگەی حەبیبوڵڵا سەیاری دەستنیشانکرد.

 لە ماوەی 9 مانگی رابردوودا، 15 فەرماندەی باڵای ھێزە چەكدارەكانی ئێران بە بڕیاری عەلی خامنەیی پۆستەكانیان گۆڕدراوە یان لەسەركار لادراون.