ئێران ده‌يه‌وێت كۆنترۆڵى ئاسمانى عێراق بكات
ئه‌میر جه‌عفه‌ری فه‌رمانده‌ی هێزه ئاسمانیه‌كانی سوپای ئێران: پێویسته سه‌رجه‌م گه‌شته ئاسمانیه‌كان بكه‌ونه ژێر كۆنترۆڵی سیسته‌می مووشه‌كی و راداری ئێران
K24- هه‌ولێر:
ئێران به‌نیازه به پاساوی چاودێریكردنی رێوره‌سمی چله‌ی حوسێنی، كۆنترۆڵی ئاسمانی عێراق بكات.
ئه‌میر جه‌عفه‌ری فه‌رمانده‌ی هێزه ئاسمانیه‌كانی سوپای ئێران رایگه‌یاند، به‌مه‌به‌ستی هامشۆی زیاره‌تكارانی وڵاته‌كه‌یان، كۆماری ئیسلامی ئێران چه‌ندین سیسته‌می مووشه‌كی و راداری له‌سه‌ر سنووری نێوان عێراق و ئێران داناوه. جه‌عفه‌ری گوتی، هێزه‌كانی سوپای ئێران له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌ی جۆراوجۆره‌وه له ئاسمانی عێراق بۆماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك چاودێری جموجووڵی سه‌رجه‌م گه‌شته ئاسمانیه‌كانی ناوچه‌كه ده‌كه‌ن.
وه‌ك جه‌عفه‌ری ئاماژه‌ی پێكرد، به‌له‌به‌رچاوگرتنی هاتووچۆی رۆژانه‌ی 1400 فڕۆكه به‌ئاسمانی ئێران‌دا و، هه‌روه‌ها گواستنه‌وه‌ی زیاره‌تكارانی ئیمام حوسێن رۆژانه بۆ نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا له‌ڕێگه‌ی 55 فرۆكه‌وه، پێویسته سه‌رجه‌م گه‌شته ئاسمانیه‌كان بكه‌ونه ژێر كۆنترۆڵی سیسته‌می مووشه‌كی و راداری ئێران.
ناوبراو جه‌ختیكرده‌وه، له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و رێوشوێنانه‌دا، نه‌ك ته‌نیا سیسته‌می مووشه‌كی و راداری، به‌ڵكو سیخوڕی ئه‌لیكترۆنی جێگیركراویش له سنووری نێوان عێراق و ئێران داندراوه و، بڕیاره فڕۆكه‌ی پۆلیسی و هێزه فریاگوزاریه ئاسمانیه‌كان و فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانیش له ماوه‌ی ئه‌و هه‌فته‌یه‌دا له ئه‌ركدا ده‌بن.
هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه ئێران ئاماده‌یه بۆ دانانی فڕگه بۆ فڕۆكه‌خانه سنووریه‌كان به‌مه‌به‌ستی گواستنه‌وه‌ی زیاره‌تكاران له‌كاتی هه‌ر رووداوێكی فریاگوزاری.
پێشتریش مه‌حمود عه‌له‌وی وه‌زیری هه‌واڵگه‌ری ئێران رایگه‌یاندبوو، ژماره‌ی ئه‌و زیاره‌تكاره ئێرانیانه‌ی تا شه‌وی رابردوو گه‌یشتوونه‌ته ناو خاكی عێراق، دوو ملیۆن كه‌سی تێپه‌ڕاندووه و، پێشبینیش ده‌كرێت له‌گه‌ڵ هاتنی چله‌ی حوسێنی كه هاوكاته له‌گه‌ڵ رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو، ئه‌و ژماره‌یه زیاتر ببێت.