حوسیه‌كانی یه‌مه‌ن هه‌ره‌شه‌ی بۆردومانكردنی فڕۆكه‌خانه و به‌نده‌ره‌كانی سعودیا و ئیمارات ده‌كه‌ن
حوسیه شيعه‌كان: ئێمه هه‌رگیز به‌رامبه‌ر به سعودیا بێده‌نگ نابین
K24- هه‌ولێر:
دوای ئه‌وه‌ی سعودیا بڕیاریدا، ته‌واوی ده‌روازه وشكانی، ئاسمانی و ئاویه‌كان له‌سه‌ر یه‌مه‌ن داده‌خات، ئه‌نجوومه‌نی سیاسی حوسیه شیعه‌كان و لایه‌نگرانی عه‌لی عه‌بدوڵڵا ساڵحی له‌سه‌ركارلادراوی یه‌مه‌ن له شاری سه‌نعا، كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پشتگیری ده‌كرێن، هه‌ره‌شه‌ی بۆردومانكردنی فڕۆكه‌خانه و به‌نده‌ره‌كانی سعودیا و ئیمارات ده‌كه‌ن.
ئه‌نجوومه‌نی ناوبراو له به‌یاننامه‌یه‌كدا جه‌ختی كرده‌وه، داخستنی ته‌واوی ده‌روازه‌كان له‌لایه‌ن ریازه‌وه خاڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه بۆ سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگێكی سه‌خت له‌نێوان یه‌مه‌ن و سعودیا و ئیمارات، جه‌ختیش كراوه‌ته‌وه ئێمه هه‌رگیز به‌رامبه‌ر به‌و بڕیاره‌ی سعودیا بێده‌نگ نابین.
حوسیه‌كان هۆشداریشیان داوه، ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی به سه‌رپه‌رشتی عه‌ره‌بستانی سعودیا له‌سه‌ر ره‌فتاره‌كانی دژ به‌وان به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا ئه‌ركی ئێمه‌یه به‌توندی وه‌ڵامیان بده‌ینه‌وه. ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، پێویسته سعودیا ئه‌وه بزانێت، ئێستا چه‌ك و تواناكانی ئێمه توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه ئه‌وان به توندی بپێكێنین به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش فڕۆكه‌خانه و به‌نده‌ره‌كان و شوێنه گرنگه‌كانی سعودیا و ئیمارات له ریزی پێشه‌وه‌ی ئامانجه‌كانی هێرشهكانمانه.
رۆژی دووشه‌ممه‌ش حوسیه‌كان مووشه‌كێكی بالیستی ئاراسته‌ی فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی باكووری ریازی پایته‌ختی وڵاتی سعودیا كردبوو، هه‌رچه‌نده شانه‌ی جه‌نگی حوسیه‌كان رایگه‌یاندبوو كه ئامانجه‌كه‌یان له ئاراسته‌كردنی ئه‌و مووشهكهدا پێكاوه، به‌ڵام سعودیا راستی ئه‌و هه‌واڵه‌ی ره‌تكرده‌وه و رایگه‌یاند، ئه‌و مووشه‌كه‌یان به‌ر له گه‌شیتنی به زه‌وی له‌ئاسمانه‌وه ته‌قاندوویانه‌ته‌وه.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، سعودیا جه‌خت ده‌كاته‌وه، ئه‌و چه‌كانه‌ی به‌ده‌ست حوسیه‌كان گه‌یشتووه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پێشكه‌شیان كراوه، كه له‌ئێستادا په‌یوه‌ندی نێوان تاران و ریاز له‌وپه‌ڕی گرژیدایه و، هه‌ردوو وڵات به به‌رده‌وامی هه‌ره‌شه‌ی به‌ئامانجكردن له‌یه‌كتر ده‌كه‌ن.