نوجێفی داوا له ئه‌مه‌ریكا ده‌كات سووننه پڕچه‌ك بكات
شه‌رقولئه‌وسه‌ت: ئوسامه نوجێفی له ئه‌مه‌ریكایه و ئه‌م سێ داوایه له واشنتن ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌تی له‌نده‌نی بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئوسامه نوجێفی جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراق، به مه‌به‌ستی پڕچه‌ككردنی سووننه، زیادكردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆی له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو، سه‌ردانی ئه‌مه‌ریكای كردووه.
رۆژنامه‌كه له راپۆرته‌كه‌یدا ئاماژه به‌وه ده‌كات، نوجێفی داوای له ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا كردووه، چه‌كی پێویست به سووننه‌كانی عێراق بدات، داواشی كردووه، دۆناڵد تره‌مپ به‌ڵێنه‌كانی له باره‌ی نه‌هێشتنی هه‌ژموونی ئێران له عێراق، جێبه‌جێ بكات.
رۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی: "ئوسامه نوجێفی چاوی به تیمێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و چه‌ند به‌رپرسێكی دیكه كه‌وتووه، بۆ ئه‌وه‌ی پێگه‌ی سیاسی خۆی له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق به‌هێزتر بكات، هه‌روه‌ها داوای له ئه‌مه‌ریكاش كردووه سووننه‌كانی عێراق پڕچه‌ك بكات و راهێنانی سه‌ربازیان پێبكات".
نوجێفی له وتارێكیدا له په‌یمانگه‌ی ئاشتی ئه‌مه‌ریكی دووپاتیكرده‌وه، كه پێویسته توانای سه‌ربازی ئه‌و ناوچانه زیاتر بكرێت كه تازه له ژێر ده‌ستی داعش رزگاركراون و نموونه‌شی به شاری مووسڵ هێنایه‌وه، كه زۆرینه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی سووننه‌ن.
به گوێره‌ی راپۆرته‌كه، مایكل نایتس، توێژه‌ری كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له په‌یمانگه‌ی واشنتن بۆ سیاسه‌ته‌كانی رۆژهه‌ڵاتی نزیك، روونی كردووه‌ته‌وه، تا ئێستا پێناچێت ئه‌مه‌ریكا هاوكارییه سه‌ربازییه‌كان بۆ عێراق زیاد بكات به تایبه‌تیش بۆ سووننه، چ جای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی خۆی له عیراق زیاد بكات.
نایتس ده‌ڵێت: "داواكانی نوجێفی، ده‌بێته هۆی سه‌رسوڕمانی به‌شێكی زۆربی به‌رپرسانی واشنتن".
روونیشی ده‌كاته‌وه، ئه‌سیل، برای ئوسامه نوجێفی، ماوه‌ی دوو ساڵ هه‌وڵه‌كانی خۆی خسته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی هێزێكی 10 هه‌زار كه‌سی تایبه‌ت به‌خۆی پڕچه‌ك بكه‌ن، به‌ڵام هیچ شتێكی ئه‌وتۆی لێ نه‌هاته دی، دواتر داوای له وڵاتی توركیا كرد، راهێنانی سه‌ربازی به هیزه‌كانی بكات، كه پێیان ده‌گوترێت "پاسه‌وانانی نه‌ینه‌وا".