داعش ته‌واوی شاری ئه‌لبوكه‌مالی له رۆژهه‌ڵاتی سووریا كۆنترۆڵ كرده‌وه
به‌ڕێوه‌به‌ری روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ: هێزه‌كانی سووریا و هاوپه‌یمانانی ئه‌سه‌د بۆ دووری زیاتر له 2 كیۆمه‌تر له‌ده‌وروبه‌ری ئه‌لبوكه‌مال كشاونه‌ته‌وه
K24- هه‌ولێر:
روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند، ئه‌لبوكه‌مال كه به دوا پێگه‌ی داعش له سووریا داده‌نرێت و به‌ر له چه‌ند رۆژێك له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سه‌ر به رژێمی ئه‌سه‌ده‌وه كۆنترۆڵ كرابوو، جارێكی دیكه به‌ته‌واوه‌تی كه‌وته ده‌ست چه‌كدارانی داعش.
رامی عه‌بدولڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌ری روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ راگه‌یاند "چه‌كدارانی داعش به‌ته‌واوه‌تی شاری ئه‌لبوكه‌مالیان له‌سه‌ر سنووری عێراق كۆنترۆڵ كردۆته‌وه و هێزه‌كانی سووریا و هاوپه‌یمانانی ئه‌سه‌دیش بۆ دووری زیاتر له 2 كیۆمه‌تر له‌ده‌وروبه‌ری ئه‌و شاره كشاونه‌ته‌وه"، وه‌ك عه‌بدولڕه‌حمان ئاماژه‌شی پێكرد "ئه‌و شكسته‌ی هێزه‌كانی ئه‌سه‌د به‌هۆی به‌كارهێنانی تاكتیكی كه‌مین و بۆسه، هێرشی خۆكوژی و بۆمبی جێندراوی چه‌كدارانی داعشه‌وه بووه".
وه‌ك راشگه‌یه‌ندراوه، ئه‌مڕۆ شه‌ڕێكی سه‌خت له‌و شاره روویداوه و ژماره‌یه‌كی زۆریش له هه‌ردوولا كوژراون و بریندار بوونه، تائێستاش شه‌ڕه‌كه هه‌ر به‌رده‌وامه، به‌ڵام هێزه‌كانی سه‌ر به رژێمی سووریا له‌و ناوچه‌یه له‌پاشه‌كشه‌دان.
كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاری ئه‌لبوكه‌مال له‌سه‌ر سنووری نێوان سووریا و عێراق هاوكاته له‌گه‌ڵ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ناحیه‌ی رومانه‌ی عێراقی له رۆژئاوای ئه‌نبار له‌سه‌ر سنووری سووریا له‌لایه‌ن هێزه عێراقیه‌كانه‌وه، وێڕای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی گونده‌كانی ئه‌لبوعه‌بید، ئه‌لبوفیراج، ئه‌لبوشه‌عبان، ئه‌لباغوز، ئه‌لره‌به‌ت، ئه‌لبوحه‌ردان، ئه‌لهه‌ش، خه‌تیله، دغێمه و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سنووری نێوان عێراق و سووریا. به‌گوێره‌ی عه‌بدولئه‌میر ره‌شید یاره‌ڵڵا فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی جه‌زیره و باكووری فورات، پێشڕه‌ویه‌كانی هێزه عێراقیه‌كان بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شارۆچكه‌ی راوه به‌رده‌وامن.