توركیا: یه‌په‌گه ده‌یه‌وێت ناوچه‌كه داگیربكات
چاوش‌ئۆغڵو: پێشڤه‌چوونه‌كانی شاری ره‌قه سه‌لماندی شه‌ڕی داعش ناكه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
توركیا یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل تۆمه‌تبار ده‌كات و به هه‌وڵدان بۆ داگیركردنی ناوچه‌كه ناویان ده‌بات.
ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه 16/11/2017، مه‌ولوود چاوش‌ئۆغڵو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، رایگه‌یاند: "ئه‌و پێشڤه‌چوونانه‌ی له شاری ره‌قه‌ی سووریا روویداوه، ده‌ریده‌خه‌ن، یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه" كار بۆ داگیركردنی ناوچه‌كه ده‌كات، نه‌ك شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ چه‌كداره تیرۆریسته‌كانی داعش".
توركیا به‌رده‌وام نیگه‌ران بووه له‌و هاوكاریی و كۆمه‌كه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا پێشكه‌شی یه‌په‌گه و هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی كردووه له جه‌نگی دژی داعش، یه‌كێك له هۆكاره‌كانی خراپبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره و واشنتن بۆ ئه‌و پرسه ده‌گه‌ڕێته‌وه. چونكه توركیا یه‌په‌گه به به‌شێك له هێزه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه" ده‌زانێت.
به‌ڵام ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، نه‌چووه‌ته ژێر باری داخوازییه‌كانی توركیا و به‌رده‌وامه له كۆمه‌كی سه‌ربازی یه‌په‌گه و هه‌سه‌ده و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ش نیگه‌رانی زیاتری توركیای لێكه‌وتووه‌ته‌وه، كه به‌رده‌وام داوا ده‌كات واشنتن هاوكارییه‌كانی رابگرێت.