عێراق گوێ به بڕیارێكی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا نادات
لێژنه‌ی ئه‌منی له په‌رله‌مانی عێراق: ئه‌گه‌ر بڕیاری كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا بۆ ناساندنی گروپی نوجه‌با به تیرۆریست جێبه‌جێ بكرێت ئه‌وانیش بێ هه‌ڵوێست نابن
K24- هه‌ولێر:
لێژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێت، بڕیاری كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا بۆ ناساندنی بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌بای سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك گروپێكی تیرۆریستی و قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌و گروپه له‌ماوه‌ی 90 رۆژدا ره‌تده‌كاته‌وه.
نایف شه‌مه‌ری ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له په‌رله‌مانی عێراق گوتی "بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌با تیرۆریست نییه و ئه‌گه‌ر هه‌وڵ بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌ی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا بدرێت، ئه‌وا لێژنه‌ی ئه‌منی و به‌رگری له‌داهاتوودا هه‌ڵوێستی خۆی له‌مباره‌یه‌وه به‌فه‌رمی راده‌گه‌یه‌نێت".
شه‌مه‌ری گوتیشی "له رۆژانی داهاتوودا لێژنه‌ی ناوبراو له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته كۆده‌بێته‌وه، بۆئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌و بڕیاره رهتكراوهی كۆنگرێس بده‌ینه‌وه".
رۆژی پازده‌ی ئه‌م مانگه كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا، بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌بای سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی خسته لیستی تیرۆره‌وه و ماوه‌ی ته‌نیا 90 رۆژی بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌و گروپه‌ی حه‌شدی شه‌عبی دیاریكرد، هه‌روه‌ها ئه‌كره‌م كه‌عبی ئه‌مینداری گشتی نوجه‌بای به‌وه تۆمه‌تباركرد، كه له‌ساڵی 2008 ده‌ستی له بۆردومانكردنی ناوچه‌ی سه‌وزی شاری به‌غدا هه‌بووه و هه‌وڵی شێواندنی سه‌قامگیری عێراقیداوه.