نیۆیۆرك تایمز: ژماره‌ی كوژراوانی سڤیل له هێرشی هاوپه‌یماناندا له عێراق 31 جار له ژماره‌ی راگه‌یه‌ندراو زیاتره
نیۆیۆرك تایمز: زۆرێك له‌و شوێنانه‌ی خه‌ڵكی سڤیلی تێدا كوژراوه، له‌كاتی بۆردومانه‌كاندا له‌ژێر كۆنترۆڵی داعشدا نه‌بوونه
K24- هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی نیۆیۆرك تایمزی ئه‌مه‌ریكی له راپۆرتێكدا زانیاری نوێی له‌باره‌ی هێرشه ئاسمانیه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش له عێراق بڵاوكردۆته‌وه و ئاشكرایكردووه، 1/5ی هێرشه ئاسمانیه‌كانی هاوپه‌یمانان له عێراق قوربانی سڤیلی به‌دواوه بووه، كه ده‌كاته رێژه‌ی 20%ی كۆی هێرشه‌كان.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، ژماره‌ی قوربانیانی سڤیل له عێراق له‌ئه‌نجامی هێرشه ئاسمانیه‌كاندا 31 جار له‌و ژماره‌یه زیاتره كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا "پنتاگۆن"ـه‌وه راگه‌یه‌ندراوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به ژماره‌ی ته‌واوی قوربانیان بكات.
نیۆیۆرك تایمز نووسیویه‌تی "تیمه‌كانی ئه‌و رۆژنامه‌یه له 3 ناوچه‌ی باكووری عێراق چاوی به كه‌س و كاری ئه‌و قوربانیانه كه‌وتووه، كه له‌ماوه‌ی نێوان نیسانی ساڵی 2016 و ته‌ممووزی ساڵی 2017 له هێرشه ئاسمانیه‌كانی هاوپه‌یماناندا كوژراون"، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه " ئه‌وان سه‌ردانی 150 شوێنی بۆردومانی فڕۆكه‌كان كردووه و ئاشكرا بووه، كه ژماره‌یه‌كی زۆری كوژراوان له ریزه‌كانی سڤیل له راپۆرته‌كانی هاوپه‌یمانی دژ به داعشدا ئاماژه‌یان پێ نه‌كراوه، به‌ڵكو ئه‌وانیان له ریزه‌كانی داعش هه‌ژمار كردووه".
له درێژه‌ی راپۆرته‌كه‌دا هاتووه "هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له مانگی ئابی ساڵی 2014ـه‌وه 14 هه‌زار هێرشی ئاسمانی ئه‌نجامداوه، كه له‌ناویاندا 800 هێرش قوربانی سڤیلی لێكه‌وتۆته‌وه".
نیۆیۆرك تایمز ده‌ڵێت "ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا ته‌نا دانی به 89 هێرشدا ناوه كه به‌هۆیانه‌وه خه‌ڵكی سڤیل كوژراون" و رونیشی كردۆته‌وه "زۆرێك له‌و شوێنانه‌ی خه‌ڵكی سڤیلی تێدا كوژراوه، له‌كاتی بۆردومانه‌كاندا له‌ژێر كۆنترۆڵی داعشدا نه‌بوونه".
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، روانگه‌ی ئایهروار "Airwar"ـى تایبه‌ت به ئه‌نجامه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له دژی داعش كه باره‌گاكه‌ی له به‌ریتانیایه رایگه‌یاندووه، له سالی 2014ـه‌وه تائێستا، 3 هه‌زار هاووڵاتی سڤیل له بۆردومانه ئاسمانیه‌كانی هاوپه‌یماناندا كوژراون، له‌كاتێكدا ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا ته‌نیا دانی به كوژرانی 466 هاووڵاتیدا ناوه. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له ساڵی 2014ـه‌وه تا ئێستا 28 هه‌زار و 353 هێرشی ئاسمانی له سووریا و عێراق ئه‌نجامداوه و، له‌كۆی ئه‌و هێرشانه‌دا 5 هه‌زار و 961 كه‌سی سڤیل كوژراون.