ئه‌مریكا گرووپه‌كانی حه‌شد ده‌خاته لیستی تیرۆره‌وه‌و داوای هه‌ڵوێست له عه‌بادی ده‌كه‌ن
گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی فشاره‌كانیان بۆ سه‌ر عه‌بادی زیاد ده‌كه‌ن و ئه‌مریكاش گرووپێكیانی خستووه‌ته لیستی تیرۆره‌وه
K24 - هه‌ولێر:
كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵای عێراق، داوا له حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیران عێراق ده‌كه‌ن، هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی بڕیاری كۆنگرێسی ئه‌مریكا رابگه‌یه‌نێت و وه‌ڵامی ئه‌و بڕیاره بداته‌وه كه بزووتنه‌وه‌ی "نوجه‌با"ـی حه‌شدی شه‌عبی خستووه‌ته لیستی تیرۆره‌وه.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه 19/11/2017 بڵاویانكردووه‌ته‌وه، حزبوڵڵای عێراق ده‌ڵێت: "گه‌ل به هه‌ڵوێسته دوژمنكارانه‌كانی ئه‌مریكا دژی حه‌شدی شه‌عبی و گرووپه‌كانی به‌رگریی ئیسلامی، تووشی شۆك نه‌بووه، چونكه هیچ رۆژێك له حیساباته‌كانی خۆیاندا بایه‌خیان پێنه‌داوه، ئه‌مریكا وڵاته‌كه‌یانی داگیركردووه و هه‌زاران كه‌سی له رۆڵه‌كانیان كوشتووه، شار و دامه‌زراوه‌كانی وێرانكردوون، ناشیه‌وێت لێی بچێته ده‌ره‌وه‌و ته‌نها به‌هۆی گورز و لێدانی پاڵه‌وانانی به‌رگریی ئیسلامی نه‌بێت كه هاوشانی گه‌ل بوه‌ستێت و رێزی سه‌روه‌ری و كهرمهتی بگرێت و بۆی بگه‌ڕێنێته‌وه".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه كه"دوای سه‌ركه‌وتنه‌كان به‌سه‌ر داعشدا و شكستهێنانی پرۆژه‌كه‌ی ئه‌مریكا بۆ وێرانكردن و دابه‌شكردنی عێراق و سووریا و له كاتێكدا كه هێشتا حه‌شدی شه‌عبی و گرووپه‌كانی به‌رگریی ئیسلامی، شه‌ڕی داعش ده‌كه‌ن و پاشماوه‌كانیان راده‌ماڵن، كۆنگرێسی ئه‌مریكا بڕیاریداوه و بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌بای به گرووپێكی تیرۆریستی ناساندووه. ئێمه جارێكی دیكه ته‌ئكید ده‌كه‌ینه‌وه، په‌یڕه‌وی دوژمنكارانه و هه‌وڵه دووبارهكانیان بۆ سه‌پاندنی خاوه‌ندارێتییان به‌سه‌ر عێراقدا و ده‌ستوه‌ردان له كاروباری ناوخۆیی و به ئامانجگرتنی هێزه ناوخۆییه‌كانی، به‌شێكن له سیاسه‌تی دوژمنكارانه‌ی ئه‌مریكا".
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه: "ئێمه بریاره دوژمنكارانه‌كه‌ی ئه‌مریكا ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌و سه‌ركۆنه‌ی ده‌كه‌ین، داواش له حكومه‌تی عێراق و هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌كه‌ین، هه‌ڵوێستی روونی خۆیان ده‌رباره‌ی ئه‌و ده‌ستوه‌ردانه رابگه‌یه‌نن، كه مه‌یدانی جیهادكردنی گه‌نجانی عێراق ده‌كاته ئامانج. ئه‌وانه‌ی به‌هۆی قوربانییهكانیانهوه، شكۆمه‌ندییان بۆ گه‌له‌كه‌یان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه".
حزبوڵلای عیراق ده‌ڵێت: "گرووپه‌كانی به‌رگریكردن ده‌مێننه‌وه‌و ده‌بنه سه‌رچاوه‌ی هێز و شكۆمه‌ندی گه‌لی عێراق و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سازش له‌سه‌ر بوونیان ناكه‌ن، هه‌ر كه‌سێكیش سازشیان له‌سه‌ر بكات، له‌ژێرپێی موجاهیده‌كاندا ده‌شێلرێت و هه‌موو پیلانگێڕی و نه‌خشه و پلانه‌كانی ئه‌مریكا و ئیسرائیل و هاوپه‌یمانانیان له ناوچه‌كه‌دا شكست پێده‌هێنرێت".
رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو‌و كۆنگرێسی ئه‌مریكا "بزووتنه‌وه‌ی نوجا" كه به‌شێكی سه‌ره‌كین له حه‌شدی شه‌عبی و راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانداری فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه هه‌ڵده‌سوڕێنرێن، خسته لیستی تیرۆره‌وه‌و وه‌ك گرووپێكی تیرۆریست ناساندی.