هێزێكی كوردی له‌ ئیدلب هێرشی كرده‌ سه‌ر سوپای توركیا

هێرشه‌كه‌ بۆ سه‌ر خاڵكێكی چاوێری سوپای توركیا بووه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 20/11/2017 گرووپێكی چه‌كداری كورد، له‌ ئیدلب هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر خاڵێكی چاودێریكردنی هێزه‌كانی سوپای توركیا.

كه‌ناڵی "NTV"ـی توركی بڵاویكرده‌وه‌ "هێرشه‌كه‌ كراوه‌ته‌ سه‌ر خاڵی چاودێری سوپای توركیا له‌ پارێزگای ئیدلبی سووریا، كوردن، به‌ڵام هیچ كوژراو و بریندارێك نه‌بووه‌".

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كه‌ناڵه‌ توركییه‌كه‌، هێرشه‌كه‌ له‌ رێگه‌ی ئاراسته‌كردنی چه‌ند گوللـه‌ هاوه‌نێك بووه‌ بۆ خاڵێكی چاوێریكردنی سوپای توركیا، له‌ ناوچه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ی " دارة عزة "ـی ئیدلب له‌ نزیك شاری عه‌فرین.

هێرشه‌كه‌ هاوكاتی جموجووڵی سه‌ربازی هێزه‌كانی توركیایه‌ له‌ پارێزگاكه‌دا و رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ راگه‌یه‌نرا كه‌ هێزێكی زۆری سوپای توركیا له‌ ناوچه‌ی شێخ عه‌قیل، له‌ نزیك سنووره‌كانی عه‌فرین جێگیر بوون.

ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكیشه‌، به‌رپرسانی باڵای توركیا له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا، ئاماژه‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر، شاری عه‌فرین ده‌ده‌ن، كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه‌"دایه‌.

Fly Erbil Advertisment