جگه له خاوه‌ن عهمامهكان .. هه‌ركه‌س بیه‌وێت سه‌ردانی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا بكات پێویسته خۆی رووت بكاته‌وه
زۆر جار ئه‌و گه‌شتیارانه له گه‌شته‌كانیان په‌شیمان ده‌بنه‌وه كه ده‌یانه‌وێ له فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غداوه گه‌شت بكه‌ن چونكه نایانه‌وێ خۆیان له‌به‌رده‌م ئه‌فسه‌ری پشكنه‌ر رووت بكه‌نه‌وه
K24- هه‌ولێر:
بۆئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غداوه گه‌شت بكه‌ن، پێویسته به شه‌ش فلته‌ردا تێپه‌ڕن و ملكه‌چی چه‌ندین جۆر پشكنین بن، له‌وانه‌ش پشكنین له‌ڕێگه‌ی سه‌گی پۆلیسی، ئامێری ئه‌لیكترۆنی و سۆنار، ئینجا پشكنین به ده‌ستلێدان، به‌شێوه‌یه‌ك كه گه‌شتیار ناچاری پێی په‌تی و هه‌ندێ جاریش خۆرووتكردنه‌وه ده‌بێت، به‌ڵام كه‌سانێك هه‌ن له‌و پرۆسه‌یه پارێزبه‌ندیان بۆ دانراوه، ئه‌وانیش خاوه‌ن عه‌مامه و سیاسه‌تمه‌داره‌كانه.
به‌گوته‌ی ژماره‌یه‌ك گه‌شتیار كه ویستیوویان له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غداوه گه‌شت بكه‌ن، له میانه‌ی ئه‌و پرۆسه‌ی پشكنینه‌دا پێویسته گه‌شتیار پێڵاو، كاتژمێر و قایشی پشت داكه‌نێت، هه‌ندێ جاریش ئه‌گه‌ر ئه‌فسه‌ری به‌رپرس به‌دڵی نه‌بوو، پێویست به داكه‌ندنی ته‌واوی جله‌كانی هه‌یه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و گه‌شتیاره له حه‌مام بێت. به‌ڵام دوو نوخبه‌ی دیار به‌و فلته‌رانه‌دا ناچن، ئه‌وانیش خاوه‌ن عه‌مامه و كه‌سانی سیاسین، ئه‌مه‌ش وێڕای ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی په‌نجه‌ی تاوانه گه‌وره‌كانی ئه‌و تۆمه‌تانه بۆ ئه‌و دوو نوخبه‌یه درێژ ده‌كرێت، كه خه‌ڵكی عێراقیان دوچاری نه‌هامه‌تیه‌كی زۆر كردووه‌ته‌وه.
به‌گوێره‌ی ماڵپه‌ڕی به‌غداد نیوز، دوای ئه‌وه‌ی ئاشكرا بووه، خاوه‌ن عه‌مامه و كه‌سانی سیاسی پارێزبه‌ندیان بۆ ئه‌و فلته‌رانه پێدراوه، هاووڵاتیانی عێراقی له‌و باوه‌ڕه‌دان ئه‌مه سوكایه‌تیكردنه به گه‌شتیاران و خه‌ڵكی به‌م ره‌فتار و رێوشوێنانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی فڕۆكه‌خانه‌كه هه‌راسان بووه و، زۆر جاریش گه‌شتیار له گه‌شته‌كه‌ی په‌شیمان ده‌بێته‌وه و ره‌تی ده‌كاته‌وه، بۆ ته‌نیا گه‌شتێك خۆی له‌به‌رده‌م كه‌سانێك رووت بكاته‌وه. له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا رۆژی دووشه‌ممه هاووڵاتیه‌كی عێراقی ره‌تی كردۆته‌وه ملكه‌چی ئه‌و فلته‌رانه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا بێت و له‌گه‌ڵ تیمی پشكنه‌رانی فڕۆكه‌خانه‌كه ده‌ستی به ده‌مه‌قاڵێ كردووه، دواتر گه‌شته‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه، له‌كاتی هاتنه ده‌ره‌وه‌ی له فڕۆكه‌خانه به ده‌نگی به‌رز گوتوویه‌تی "كه‌ی خاوه‌ن عهمامهكان له‌ئێمه پاكتر و باشترن!!".
وه‌ك فه‌رمانبه‌رانی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غداش ئاماژه‌یان پێكردووه "له ئه‌نجامی داروخانی دۆخی ئه‌منی شاری به‌غدا ده‌ستیان به‌و جۆره رێوشوێنانه كردووه"، هاووڵاتیانیش به سوكایه‌تی ناوی ده‌به‌ن.