سیروانی نوێ بەفەرمی کشانەوەی خۆی لە وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان راگەیاند
سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان و سەرۆکی یانەی سیروانی نوێ لە سلێمانی کۆبوونەوە
K24- هەولێر
یانەی سیروانی نوێ بەفەرمی بڕیاری دا بەشداریی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان نەکات.
رزگار ساڵح، جێگری سەرۆکی یانەی سیروانی نوێ لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 رایگەیاند، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەفین کانەبی، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان و ئاوات شێخ جەناب، سەرۆکی یانەی سیروانی نوێ لە سلێمانی کۆبوونەوە و سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان داوای لە سەرۆکی یانەکەمان کرد بەشداریی خولی نایابی کوردستان بکەین و پاشەکشە نەکەین، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی یانەکەمان، بڕیارمان داوە بەشداریی لە خولەکە نەکەین و ئەم وەرزە پاشەکشە بکەین.
جێگری سەرۆکی یانەی سیروانی نوێ راشیگەیاند، سەرۆکی یانەکەمان بە سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستانی گوتووە ناتوانین بەم ماوە کەمە ئامادەکاریی بۆ خولی کوردستان بکەین و بەهۆی قەیرانی داراییشەوە ناتوانین مووچەی یاریزانەکانمان بدەین بۆیە سوورین لەسەر بەشداریی نەکردن لە خولەکە، تەنانەت ئەگەر فیدراسیۆن بڕیار بدات داببەزێنرێینە ریزی یانە پلە یەکەکانیش.
وابڕیارە هەفتەی داهاتوو فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان تیروپشک بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان بکات، بەڵام تاکو ئێستا ژمارەی یانە بەشداربووەکان دیار نییە، کە پێشتر بڕیاری لێدراوە رۆژی 2017/1/21 وەرزی نوێی خولەکە دەستپێبکات.