نرخی نەوت و زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزی
نرخی نەوت لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو رووی لە دابەزین کرد، ئەمەش هاوکات لەگەڵ خستنەڕووی بڕێکی زیاتری نەوتی خاوی سعوودیە لە رێگەی عومانەوە بەرەو پاڵاوگەکانی ئاسیا، لەم چوارچێوەیەدا، نرخی گرێبەستە دواخراوەکانی نەوتی خاوی برێنت 3 دۆلار و 63 سەنت کە دەکاتە 3.3% دابەزی و گەیشتە 105 دۆلار و 12 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک، هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی رۆژئاوای تێکساسی ئەمریکیش 4 دۆلار و 11 سەنت کە دەکاتە 3.9ـی بەهاکەی لەدەستدا و گەیشتە 101 دۆلار و 72 سەنت.
پێنجشەممە 17ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، عەرەبستانی سعوودیە لە رێگەی پڕۆسەی گواستنەوەی کەشتی بۆ کەشتی لە نزیک بەندەری سحار لە عومان، بارە نەوتییە زیادەکانی رەوانەی پاڵاوگەکانی ئاسیا دەکات بەبێ ئەوەی پێویستی بە گواستنەوەی راستەوخۆ لە رێگەی گەرووی هورمزەوە هەبێت، ئەم هەنگاوەش بەشێک لە نیگەرانییەکانی کەمیی خستنەڕووی نەوتی لە بازاڕەکاندا رەواندەوە و بووە هۆی هێوربوونەوەی نرخەکان.
هاوتەریب لەگەڵ بازاڕی نەوت، نرخی زێڕیش رووبەڕووی دابەزینێکی خێرا بووەوە بەهۆی بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا سەبارەت بە دیاریکردنی رێژەی سوودی بانکی، بە شێوەیەک گرێبەستە دواخراوەکانی زێڕ بۆ مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوو بە رێژەی 0.77% دابەزین و گەیشتنە 4 هەزار و 299 دۆلار و 69 سەنت بۆ هەر ئۆنسەیەک، هاوکات نرخی مامەڵەی دەستبەجێی زێڕیش بە رێژەی 0.78% رووی لە کەمبوونەوە کرد و گەیشتە 4 هەزار و 260 دۆلار و 76 سەنت بۆ هەر ئۆنسەیەک.
دابەزینی نرخی ئەم کانزا زەردە لە دوای بڕیارەکەی بانکی فیدراڵی بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی دێت لە کاتێکدا هەڵاوسان بە بەرزی ماوەتەوە و دۆخێکی نادڵنیاییی ئابووری و جیۆپۆلیتیکی لە ئارادایە. هەرچەندە زێڕ هەمیشە وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ خۆپاراستن لە هەڵاوسان سەیر دەکرێت، بەڵام بەرزبوونەوەی سوودی بانکی تێچووی هەلی جێگرەوە بۆ راگرتنی زێڕ زیاد دەکات، چونکە هیچ قازانجێکی دیاریکراو بە خاوەنەکەی نادات، بەمەش وەبەرهێنەران روو لە کڕینی ئەو سەرمایە و داراییانە دەکەن کە سوودی بانکیی بەرز دەستەبەر دەکەن.