بەڤیدیۆ.. لویز سوارێز هەڕەشەی سزادانی لەسەرە

لە یاریی بەرامبەر ڤالێنسیا بەهۆی هەژمارنەکردنی گۆڵەکەی مێسی جنێوی بە یاریدەدەری ناوبژیوان داوە

K24- هەولێر

ڵویس سوارێز بەهۆی بەکارهێنانی وشەی ناشیاو بەرامبەر ناوبژیوان هەڕەشەی سزادرانی لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیای لەسەرە.
رادیۆی کادێنا سێری ئیسپانی ئاشکرایکردووە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەکی سوارێز بڵاوکراوەتەوە، لە یاریی بەرامبەر ڤالێنسیا کاتێک ناوبژیوانی یارییەکە گۆڵێکی دروستی مێسی رەتدەکاتەوە، هێرشبەرە ئۆرۆگواییەکە سووکایەتی بە یاریدەدەری ناوبژیوان دەڵێت و ناوبژیوانی سەرەکیش لە راپۆرتی یارییەکەدا ئاماژەی بەم قسانەی لویز سوارێز کردووە و لەوانەیە گۆڵکارەکەی بارسێلۆنا لەلایەن لێژنەی تەمبێکردن رووبەڕووی لێپێچینەوە بێتەوە.
بارسێلۆنا و ڤالێنسیا بە گۆڵێک بەرامبەربوون و ناوبژیوانی یارییەکە گۆڵێکی مێسی رەتکردەوە، لە کاتێکدا تۆپەکە بە تەواوەتی چووبووە ناو گۆڵ و ئەم بڕیارەی ناوبژیوانیش ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە.