ترەمپ لە فرۆشتنی چەك ژمارەی پێوانەیی دەشكێنێ

رێژەی فرۆشی چەك بەرز دەكاتەوە

K24 - ھەولێر

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ماوەی دەست بەكاربوونیەوە تا ئێستا بە بەھای 49 ملیار دۆلار رێككەوتنی فرۆشتنی چەكی واژووكردووە.

بەپێی زانیارییەكان كە لە راگەیەندراوەکانی رێککەوتنی سەربازیی لە لایەن کۆنگرێسەوە بڵاوکراونەتەوە، ترەمپ یەکێکە لەو سەرۆکانەی کە لە ماوەی حوکمڕانیدا زۆرترین چەکی فرۆشتووە بەراورد بە سەرۆکەکانی پێشووتری ئەمریکا.

ئاماژە بۆ ئەوەكراوە، لە ماوەی مانگی کانوونی دووەم تا تشرینی دووەمی 2017، ئیدارەی ترەمپ بە بەھای نزیکەی 49 ملیار دۆلار چەك، تەقەمەنی و پێداویستی سەربازیی بە چەندین وڵات فرۆشتووە کە ئەم رێژەیە گەورەترین ئاستە کە ئەمریکا لە ساڵانەی دواییدا تۆماری کردبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ساڵی رابردوو ئەمریکا بە بەھای 33 ملیار دۆلار چەکی بە دەرەوە فڕۆشتبوو، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ ئەمریکا بە بەھای 50 ملیار دۆلار چەک بفرۆشێت و ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئیدارەی ترەمپ بە بەراورد لەگەڵ ئیدارەکانی پێشوو رێژەی فرۆشتنی چەكی بەرزكردووەتەوە.

ئەمریکا بەرزترین ئاستی فرۆشتنی چەکی لەگەڵ کەنەدا واژوو کردووە کە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ کەنەدا و ئەمریکا رێککەوتنی چەکیان بە بەھای 5.2 ملیار دۆلار واژوو کردبوو.

وڵاتی بەحرێن بە پلەی دووەم دێت بە بەھای 3.9 ملیار دۆلار، دوای بەحرێن، وڵاتی سعوودیە دێت کە بە بەھای 3.6 ملیار دۆلار رێککەوتنی لەگەڵ ئەمریکا واژوو کردبوو. بەریتانیاش بە پلەی چوارەم دێت کە بە بەھای 3 ملیار و 45 ملیۆن دۆلار چەکی لە ئیدارەی ترەمپ کڕیووە، لە دوای ئەویش وڵاتی ئیمارات دێت.

وڵاتی تایوان و ئیسرائیلیش بە بەھای نزیکەی ملیارێك چەکیان لە ئەمریکا کڕیووە.

لە لایەکی دیکەوە بەپێی تۆمارەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، باراك ئۆباما لە ماوەی ھەشت ساڵی سەرۆکایەتیدا بە بەھای نزیکەی 277 ملیار دۆلار چەکی فرۆشتووە کە تێکرایی ناوەندی لە ھەر ساڵێکدا دەگاتە 25 ملیار دۆلار. بەم رێژەیە ئۆباما لە مێژووی وڵاتەکەی لە دوای جەنگی جیھانی دووەمەوە تاکو ئێستا زۆرترین چەکی بە دەرەوە فرۆشتووە.

دۆناڵد ترەمپ لە 20/1/2017 وەك سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەست بەكاربوو.