ئه‌مریكا له رووسیا توڕه‌یه
رۆژنامه‌گه‌ری له رووسیا هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ره
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، یاسا نوێیه‌كه‌ی رووسیا كه تایبه‌ته به هۆیه‌كانی راگه‌یاندنی بیانی و به "بریكاری لایه‌نه بیانییه‌كان" وه‌سفیان ده‌كات، به هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی نوێ له‌سه‌ر ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ریی رووسیا داده‌نێت و داوا ده‌كات كاری پێنه‌كرێت.
هیزه‌ر ناوێرت، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌وباره‌یه‌وه به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركردووه‌و ده‌ڵێت: "یاسا نوێیه‌كه‌ی رووسیا كه رێگه به وه‌زاره‌تی داد ده‌دات كۆنترۆڵی كاره‌كانی میدیا بیانییه‌كان بكات و بانگیان بكات و كۆمه‌ڵێك له چالاكییه‌كانیان له‌سه‌ر ئینته‌رنێت قه‌ده‌غه بكات، ده‌بێته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی دیكه بۆ سه‌ر ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ریی له رووسیا".
پێش ماوه‌یه‌ك ئه‌نجوومه‌نی دۆمای رووسی، ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر هه‌مواركردنی یاسایه‌ك ده‌ربڕی كه ئه‌و میدیا بیانیانه‌ی له ده‌ره‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن وه‌ك "بریكاری بیانییه‌كان له رووسیا" ده‌ناسرێن.