ئایا یانەی شێروانە بەشداریی خولی نایابی کوردستان دەکات؟
ئەمڕۆ سەرۆکی یانەکە و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی بۆ بڕیاردان لەسەر بەشداریکردنیانیان لە خولەکە کۆبوونەوە
K24- هەولێر
هێشتا یانەی شێروانە لەبارەی بەشداریکردنی لە خولی نایابی کوردستان خۆی یەکلا نەکردووەتەوە و رۆژی هەینی بڕیاری کۆتایی دەدات.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە یانەی شێروانە بە ئامادەبوونی سەرۆکی یانە و دەستەی کارگێڕی کۆبووەوە و تاوتوێی بڕیاری بەشداریکردن یان کشانەوەیان لە وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق کرد، بەڵام بڕیاری کۆتاییان بۆ رۆژی هەینی دواخست و بڕیاریان دا رۆژی هەینی کاتژمێر 17:00 جارێکی دیکە کۆببنەوە، لە پرێس کۆنفرانسێکدا بڕیاری کۆتاییان لەبارەی بەشداریکردن لە خولی نایابی کوردستان بدەن.
حاجی ئازاد، ئەندامی دەستەی کارگیڕی یانەی شێروانە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە کوردستان24ی راگەیاند، بڕیارمان دا بڕیاری کۆتاییمان بۆ هەینی دوابخەین و سبەی و دوو سبەی لەگەڵ یاریزانەکان کۆدەبینەوە، تاکو رای ئەوانیش لەبارەی بەشداریکردن لە خولی نایابی کوردستان وەربگرین.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە کەلارەوە دەست کوردستان24 کەوتووە، یانەی شێروانە زۆرتر لە بەشداریکردن لە خولی نایابی کوردستان نزیکە، کە تاکو رۆژی شەممە فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان دەرفەتی پێداون تاکو بەشداریکردنیان لە خولەکە یەکلا بکەنەوە، لە کاتێکدا وەرزی رابردوو یانەی شێروانە پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.
یانەی سیروانی نوێ پێشتر کشانەوەی خۆی لە خولی نایابی کوردستان راگەیاند و هێشتا یانەی نەورۆزیش خۆی یەکلا نەکردووەتەوە، بۆیە هێشتا دیار نییە وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان بە بەشداریی چەند یانە بەڕێوە دەچێت، کە وابڕیارە رۆژی 2017/01/21 خولەکە دەستپێبکات