ئارێز عەبدوڵڵا: بڕگەیەكی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق مەترسیدارە

"لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2018 عێراق پێشمەرگە لە مافەكانی پێبەشكراوە

K24 - ھەولێر

بەھۆی تێبینیان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی 2018، فراكسیۆنە كوردییەكان بەشداریان لە كۆبوونەوەی ئە مڕۆی پەرلەمانی عێراق نەكرد، پەرلەمانتارێكی كوردیش رایدەگەیەنێت، سەرەڕای دیارنەكردنی مافەكانی ھەرێمی كوردستان و پێشمەرگە لە پڕۆژە یاساكەدا بڕگەیەكی مەترسیدار ھەیە.

ئارێز عەبدوڵڵا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی، لە پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24 راگەیاند: "لە پرۆژە یاساكە بڕگەیەك دانراوە كە دەسەڵات دەدات بە حكومەت بە بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان دەتوانێ پارە خەرج بكات، ئەم بڕگەیە بڕگەیەكی مەترسیدارە".

گوتیشی: "ناڕەزایی ئێمە وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پڕۆژە یاساكە لەسەر ئەم خاڵانە، بەپێی دەستوور باسی ھەرێمی كوردستان نەكراوە ھێزی پێشمەرگە لە مافەكانی بێبەش كراوە، ئەو بڕە پارەیەی تەرخانكراوە بۆ ھەرێمی كوردستان رێژەكەی كەمە، ئەو پارەیەی بۆ ھێزە چەكدارەكانی عێراق و كڕینی چەك تەرخان كراوە بە بێ پێشمەرگەی رێژەی پارەكە زۆرە".

لەبارەی كۆبوونەوەی فراكسیۆنە كوردییەكان لەگەڵ سەرۆك كۆمار ئارێز عەبدوڵڵا گوتی: "وەك فراكسیۆنە كوردییەكان لەگەڵ سەرۆك كۆمار كۆبووینەوە و كەموكوڕییەكانی پڕۆژە یاساكەمان پێڕاگەیاندووە".