پێنجشەممە گۆڤاری فڕانس فووتبۆڵ براوەی خەڵاتی تۆپی زێڕین ئاشکرا دەکات

کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە پێنجەمین تۆپی زێڕین نزیکە

k24- هەولێر

رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو گۆڤاری فڕانس فووتبۆڵ براوەی خەڵاتی تۆپی زێڕینی 2017 ئاشکرا دەکات.

رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو کاتژمێر 19:45 بە کاتی فڕەنسا گۆڤاری فڕانس فووتبۆڵ خەڵاتی تۆپی زێڕینی 2017 دابەش دەکات، کە 30 یاریزان بەربژێرن بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە و کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەربژیری سەرەکییە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە، کە پێشتر چوار جار خەڵاتەکەی بەدەستهێناوە و نزیکە ریکۆردی لیۆنێل مێسی هاوتا بکاتەوە کە پێنج خەڵاتی تۆپی زێڕینی بەدەستهێناوە.

زینەدین زیدان، راهێنەری ریال مەدریدی ئیسپانی دوێنێ هەینی لە پرێس کۆنفرانسێکدا لەبارەی براوەی خەڵاتی تۆپی زێڕینی ئەمساڵ رایگەیاند، کریستیانۆ رۆناڵدۆ شایستەی ئەوەیە خەڵاتەکە بەدەست بهێنێت و دڵنیاشم پێنجەمین تۆپی زێڕین بەدەست دەهێنێت.