سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ پێگەی واشنتن لاواز دەکات

سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئاست فراوانخوازییەکانی ئێران لاوازه‌

K24 - هه‌ولێر:

گۆڕانکارییە سەربازیی و سیاسییەکانی ئەم دواییەی کوردستان و عێراق، نیگەرانی کورد و ئەمریکیەکانیشی بەدوای خۆیدا هێناوە.

شارەزا سەربازیی و سیاسییەکانی ئەمریکا ئەو بارودۆخە نە خوازراوە بۆ نا روونی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و خودی کەسێتی رێکس تیلەرسن دەگەڕێننەوە، ئەو شارەزایانە هۆشداریش دەدەن، کە پیگەی جیهانی ئەمریکا بەهۆی تیلەرسن و ناڕوونی ئیدارەی ترەمپ لەبەردەم دووڕیانێکی ڵێڵە.

ئەم بارودۆخەی دوایی هەرێمی کوردستان و فراوانخوازییەکانی ئێران لە عێراق و دەستو پێوەندەکانی لەبەرچاوی ئەمریکا، نەک تەنها کورد، بەڵکو ئەمریکییەکانیشی نیگەران کردووە.

ئەوان ئەو بارودۆخە بۆ چەند هۆکارێک دەگێڕنەوە، لەوانە ناڕوونی و لاوازی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەگشتی. شارەزایێکی ستراتیژی سەربازیی ئەمریکا ئەو کێشەیە بۆ لاوازی وەزیری دەرەوە رێکس تیلەرسن خۆی و سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی پێشوو دەگەڕێننێتەوە.

هاری شوت، جێنەڕاڵێ پێشووی سوپای ئەمریکا ده‌ڵێت: "کورد لە دامەزراوە جیاجیاکانی ‌‌‌حکومەتی ئەمریکا پاڵپشتیەکی باشی هەیە، بە تایبەت لە کۆنگرێس، ئەوان دەخوازن هاوکاری کورد بکەن و سەربەخۆ بێت، بەڵام کێشەیەک هەیە ئەویش پێداچوونەوەیە بە سیاسەتەکانی دەرەوە، کە ئیدارەی نوێ لە ئیدارەکەی سەرۆک ئۆباما بۆی بە جێماوە، پێم وانیە ئیدارەی نوێ پێداچوونەوەی کردبێت.

دەبێت سەرکردایەتی کورد و ئەوانەی مامەڵە لەگەڵ ئەمریکا دەکەن، فشار دروست بکەن و هەوڵ بدەن گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی ئەمریکا دروست بکەن. ئەو کێشەیە روونە، بینیمان تەنها دوو رۆژ دوای بە تیرۆرست لەقەڵەم دانی هێزەکانی قودس، ئەو هێزە هێرشی کردە سەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا کە کوردن، ئەم کێشەیە پێویستە چارەسەر بکرێت و روونیش بکرێتەوە کامە لایەن هاوڕێی راسەقینەی ئەمریکایە."

لاوازی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لایەک و فراوانخوازییەکانی ئێران و بریکارەکانی بە دوو هۆکاری تەواوکاریی یەکتر لەقەڵەم دەدرێن بۆ ئەو بارودۆخەی بەسەر کورد و ناوچەکە سەپێندراوە.. هەرچەندە ئەمریکییەکان پێیان وایە، بە گشتی دیپلۆماسیەتی وڵاتەکەیان لەبەردەم دووڕیانێکی نادیارە و هۆشداریش دەدەن ئەگەر ئەمریکا بە سیاسەتەکانی دا نەچێتەوە، خەباتی 200 ساڵێ رابردوویان بەهەدەر دەچیت.

جێیمس کارلی، لێکۆڵەر و چاڵاکوان دیموکراسیەت و ئازادییەکان گوتی: "کوردستان شایانی سەربەخۆییە، کورد شایانی ئازادیە، سەرسامم بە هەوڵيکانی کورد بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا، کورد لە کۆنگرێس پاڵپشتیەکی باشی هەیە. من نیگەرانیم هەیە لەسەر پێشرەوییەکانی ‌حەشدی شەعبی لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، ئەوە پلانی گەیشتنی ئێران بۆ سەپاندنی ستراتیژیەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرتر دەکات. ئیدارەی ترەمپ لە کاروباری دەرەوە سەرکەوتوو نیە، دەبین ئەو دیپلۆماسیەت و سەرکردایەتیە لاوازەکای رێکس تیلەرسن و خۆبەدوورگرتنی و دیپلۆماسیەتی لاواز، خەریکە ستراتیژیەتی داڕژراوی 200 ساڵ خەباتی ئەمریکا لەبەرچاومان هەرەس پێ دەهێنێت".

جێیمس کارڵی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، کە دەبێت ئەمریکا ئاگادار بێت لە مامەڵە کردن لە گٶرەپانی دیپلۆماسیدا و ئەو سیاسەتەی ئێستای خزمەت بە پێگەی ئەو ناکات، بە تایبەتیش لە رووی لاوازی سیاسەتی دەرەوە.

بە بۆچوونی شارەزا و توێژەرە ئەمریکیەکان خۆیان، کورد لەتەک کێشە ناوەخۆییەکانی، قوربانی سیاسەتی شلۆقی دەرەوەی ئەمریکاشە، کە ستراتیژیەتێکی جێگیری بەرامبەر پرسەکان نیيە.