ریال مەدرید ئەم وەرزە قەیرانی گۆڵکردنی هەیە
11 ساڵە یەکەمجارە ریال مەدرید لە رووی گۆڵکردنەوە ئەوەندە خراپ بێت
K24- هەولێر
ریال مەدرید لەوەتەی وەرزی 2007/2006 یەکەمجارە لە 14 گەڕی سەرەتای لالیگا تەنیا 25 گۆڵ تۆمار بکات و 11 ساڵە هێرشبەرەنای یانە مەدریدییەکە ئەوەندە خراپ نەبووینە.
لەم وەرزەی لالیگا پاڵەوانەکەی وەرزی رابردوو تەنیا 25 گۆڵی کردووە، لە کاتێکدا وەرزی رابردوو دوای تێپەڕبوونی 14 گەڕ هێرشبەرانی مێرێنگی 37 گۆڵیان تۆمارکردبوو.
لەوەتەی وەرزی 2007/2006 هیچ وەرزێک ریال مەدرید لە 14 گەڕی دەستپێکی لالیگا لە 30 گۆڵی کەمتر تۆمار نەدەکرد، کەچی ئەم وەرزە یاریزانانی شایانەکان گۆڵیان ون کردووە و یاریی لەدوای یاری دەرفەتی گۆڵکردن لەدەست دەدەن.
گەرچی دوو هەفتە لەمەوبەر زیدان رەتیکردەوە قەیرانی گۆڵکردنیان هەبێت و لە پشتگیریکردنی کەریم بێنزێما و کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەردەوام بوو، بەڵام دوای یارییەکەی ئاتلێتیک بلباو دانی بەوەدانا کە کێشەی گۆڵکردنیان هەیە و دواکەوتنیان بە جیاوازی هەشت خاڵ لە دوای بارسێلۆنا بۆ تۆمار نەکردنی گۆڵ گەڕاندەوە.
گۆڵکاری ئەم وەرزەی ریال مەدرید لە لالیگا ئیسکۆ و ئەسینسیۆن و هەریەکەیان چوار گۆڵیان کردووە، کەچی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و کەریم بێنزێما لەم وەرزە هەریەکەیان تەنیا دوو گۆڵیان کردووە و نایانتوانیوە خاڵەکان بۆ ریال مەدرید کۆبکەنەوە.
ریال مەدرید لەرووی گۆڵکردنەوە لەم وەرزەی لالیگا لە پلەی پێنجەم دێت و هێرشبەرانی بارسێلۆنا، ڤالێنسیا و ریال سۆسیداد و سێلتاڤیگۆ لە هێرشبەرانی مێرێنگی گۆڵیان زیاتر کردووە.
جگە لە دابەزینی ئاستی کریستیانۆ و بێنزێما لە لالیگا، رۆیشتنی ئالڤارۆ مۆراتا و خامێس رۆدریگێز و پێکانە یەک لە دوا یەکەکانی گاریس بەیل دوو هۆکاری دیکەی قەویرانی گۆڵکردنی ئەم وەرزەی ریال مەدریدن.