به وێنه... یاریزانانی سلێمانی خه‌مه‌كانیان به‌هۆی كشانه‌وه‌ی یانه‌كانیان هه‌ڵڕشت
یاریزانێك: ئه‌وه‌نده دڵگرانم، خۆم به تاوان ده‌زانم كه پیشه‌ی وه‌رزشیم هه‌ڵبژارد

واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان ئاشكرا و به‌شێك له یانه‌كان به‌هۆكاری جیاواز له خوله‌كه بێبه‌ش كران.
یانه‌كانی گازی باكوور و كه‌ركووك به‌هۆی دۆخی ئه‌منی شاره‌كه‌یان له خولی نایاب كشانه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نیگه‌ران و بۆچوونی جیاوازی لێكه‌وتۆته‌وه كشانه‌وه‌ی یانه‌كانی سلێمانی و سیروانی نوێیه له خوله‌كانی كوردستان.
به‌شێك له یاریزانان و ئه‌ستێره‌كانی سنووری سلێمانی نیگه‌رانییه‌كان به‌هۆی كشانه‌وه‌ی یانه‌كانیان له سۆشیاڵ میدیا هه‌ڵڕشت.

محه‌مه‌د عوسمان له 2011ـه‌وه یاری بۆ یانه‌ی سیروانی نوێ ده‌كات، له ئه‌كاونتی خۆی له فه‌یسبووك نیگه‌رانییه‌كانی خۆی ده‌كات به‌هۆی كشانه‌وه‌ی یانه‌كه‌ی ههڵرشتووه و گله‌یی له به‌رپرسانی كارگێری یانه‌كه‌ی.
محه‌مه‌د ده‌ڵێت: هه‌وڵ و ماندووبوونێكی زۆرمان دا تا یانه‌كه‌مان گه‌یانده خولی نایاب، دواتر رێز له‌م هه‌وڵه‌مان نه‌گیرا و هه‌رگیزیش جارێكی دیكه ئه‌م پێكهاتهیهتان بۆ كۆناكرێته‌وه كه ساڵانێكی زۆر به گه‌رما و سه‌رما كۆششیان بۆ سه‌رخستنی سیروانی نوێ كرد.

هاوكار له‌تیف، یه‌كێك له ناسراوترین ئه‌ستێره‌كانی یانه‌ی سلێمانی و نه‌ورۆزه، پێشتر خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی جیهانی بردۆته‌وه، له ئه‌كاونتی خۆی له فه‌یسبووك نیگه‌رانی له‌م دۆخه ده‌رده‌بڕێت و نووسیویه‌تی: خۆم به تاوانبار ده‌زانم كه پیشه‌ی وه‌رزشیم هه‌ڵبژاردووه.

یاریزانێكی دیكه‌ی لاوی یانه‌ی سیروانی به داخ و خه‌مێكی زۆره‌وه له فه‌یسبووك نووسیویه‌تی: ئه‌وه‌ی هه‌وڵمان بۆدا، ئێوی ئاگرتان تێبه‌ردا.

یاریزانێكهی دیكه‌ی سلێمانی، وه‌ك نیگهرانیهك له دۆخی كشانه‌وه‌ی یانه‌كانی سنووره‌كه‌ی، به‌ته‌نز و دنیایه‌ك په‌شیمانی، كۆمێنتێكی نووسیوه و ده‌ڵێت: خۆزگه باوكم مانگاكانی نهفرۆشتبا و تا ئێستا هه‌ر گاواوان بام.
جووتیار جه‌زا یه‌كێك له دیارترین ئه‌ستێره‌كانی سیروان نوێ نووسیویه‌تی: وه‌رزش سیمبوڵی ئاشتییه، به‌ڵام له كوردستان سمبوڵی هیچ نییه.
كه‌یوان محه‌مه‌د چه‌ندان یانه‌ی له سلێمانی تاقی كردۆته‌وه و به گاڵته‌وه هه‌ستی خۆی ده‌رده‌بڕێت و باسی دۆزینه‌وه‌ی پیشه‌یه‌كی دیكه ده‌كات.

به‌هادین به‌كر، یه‌كێك له دیارترین هێرشبه‌ره‌كانی وه‌رزی رابردووی یانه‌ی نه‌ورۆزی شاری سلێمانی، له باره‌ی خولی كوردستان نووسیویه‌تی: بیری یاریگا و گه‌رموگوڕی یارییه‌كانی خولی كوردستان ده‌كه‌م، ده‌شڵێت: له‌م كاته‌دا هه‌موومان پێویستیمان به خولی كوردستانه.
