یانەی دهۆک و شاندی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران نەگەیشتنە رێککەوتن

کوردستان24 ناسنامەی دوو بەربژێر بۆ راهێنەرایەتی دهۆک ئاشکرا دەکات

یەحیا گولمحەمەدی لەگەڵ عەبدوڵڵا جەلال سەرۆکی یانەی دهۆک
یەحیا گولمحەمەدی لەگەڵ عەبدوڵڵا جەلال سەرۆکی یانەی دهۆک

شاندی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یەحیا گولمحەمەدی لەگەڵ کارگێری یانەی دهۆک نەگەیشتنە رێککەوتن. لە لایەکی دیکەشەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێت ئەحمەد سەڵاح بەهێزترین بەربژێرە بۆ شوێنگرەوەی راهێنەرە ئێرانییەکە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەمڕۆ یەکشەممە 18 ئۆکتوبەری 2026 شاندێک لە فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران سەردانی بارەگای یانەی دهۆکیان کردووە، دەیانەوێت یانەی دهۆک رازی بکەن دەستبەرداری یەحیا گولمحەمەدی بێت، بۆ ئەوەی راهێنەرە ئێرانییەکە بگەڕێتەوە تاران و ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی لاوانی ئێران بگرێتە ئەستۆ.
 بەگوێرەی زانیاریی میدیاکانی ئێران مووچەی مانگانەی ئەو راهێنەرە ئێرانییە 9 ملیۆن و 600 هەزار دینار دەبێت ئەگەر ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی وڵاتەکەیان.
کوردسان24 زانیاری دەستکەوتووە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان کارگێری یانەی دهۆک و شاندی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران هیچ رێککەوتنێک رووینەدا و پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی دیکەش بکەن.
یەحیا گولمحەمەدی هاوینی ئەمساڵ ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی دهۆکی گرتە ئەستۆ، لەگەڵ هەڵۆیەکانی بادینان لە 10 یاری دوو بردنەوە و شەش یەکسانبوون و 2 شکستی هەیە، دهۆک بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ لە پلەی دوازدەیەمی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.
کوردستان24 زانیویەتی، ئەحمەد سەڵاح بەهێزترین بەربژێرە بۆ ئەوەی شوێنی گولمحەمەدی بگرێتەوە، هەرچەندە مەسعود میراڵیش لە چوارچێوەی ئامانجەکانی کارگێری یانەی دهۆکە و ماوەیەک لەمەوبەر گفتوگۆش لە نێوان هەردوولا کرابوو بۆ ئەوەی راهێنەرە بە رەسەن کوردەکە بگەڕێتەوە راهێنەرایەتی دهۆک.