پارێزگای ھەڵەبجە بودجەی نییە
"ھەوڵەكان بەردەوامن و لەگەڵ لیژنەی دارایی قسەمان كردووە"
K24 - ھەڵەبجە
سەرباری ئەوەی حکومەتی ھەرێمی كوردستان و عێراق دانیان بە پارێزگابوونی ھەڵەبجەدا ناوە و وەك پارێزگا مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە، کەچی لە بەشە بودجەی عێراقدا ناوی ھەڵەبجە نەھێنراوە و ھیچ پشکێکی بۆ دیارینەکراوە و لەسەر سلێمانی ھەژمارکراوە، ئەوەش ناڕەزایی ھەڵەبجەییەکانی لێکەوتووەتەوە، شارەزایانی بواری ئابووریش دەڵێن، ئەم کارە زیان بە سلێمانی و ھەڵەبجەش دەگەیەنێت و کێشەکانی چارەسەر ناکات.
کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە بە كوردستان24 گوت: "ھەوڵەكان بەردەوام بۆ دیاركردنی بودجەی پارێزگای ھەڵەبجە، بۆ ئەم مەبەستە قسە لەگەڵ فراكسیۆنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق و لیژنەی دارایی كراوە، ھەموویان ھاوڕان لەسەر ئەوەی كە پێویستە ھەقی ھەڵەبجە بدرێت و تای بەتمەندی خۆی ھەبێت".
ھەر پەیوەست بەو پرسە شێرکۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "نەك ھەر تەنھا رێژەی بودجە، بەڵكو پێویستە بودجەیەكی وا بۆ ھەڵەبجە دابنێرێت كە قەرەبووی پاشگوێ خستن و وێرانكاری بكاتەوە".