مهسرور بارزانى: بهغدا تا ئێستا بۆ گفتوگۆ ههنگاوى كردهيى نهناوه
مەسرور بارزانی پێشوازیی لە یان کۆبیش کرد
K24 – ههولێر:
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە یان کۆبیش نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد.
لەم دیدارەدا دوا رەوشی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کرا. لەم بارەیەوە یان کۆبیش جەختی لە سەر هەڵوێستی نەتەوەیەکگرتووەکان کردەوە و وتی خوازیارن هەرچی زووتر بە کردەوە دانوستانی راستەوخۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا دەستپێبکات و ئاماژەی بە ئەوەدا کە دەستوور بنەمای چارەسەری گشت کێشەکانە و نابێت بە هیچ شێوەیەک پەنا بۆ بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی ببردرێت.
نێردەی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دووپاتیکردەوە، کە نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی هەرچی زووتر بە شێوەیەکی ئاشتیانە کێشەکانی نێوان هەردووولا چارەسەر بکرێن.

لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی وێڕای بەرزنرخاندنی هەوڵەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئاماژەی بە ئەوە دا کە لە پێناو دەستپێکردنەوەی دانووستانەکان، هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی سەرشانی بەجێ گەیاندووە، بەڵام بەغدا تا ئێستا وەک پێویست هەنگاوی کردەیی نەناوە.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە ئەوە دا کە، کەشی هەڵبژاردنەکان و ململانێ سیاسیيەکان لە بەغدا کۆسپی سەرەکیی بەردەم پێشڤەچوونەکانە، بەڵام نابێت هاووڵاتیانی کوردستان باجی ئەم دۆخەی بەغدا بدەنەوە و پێویستە هەرچی زووتر دەست پێکردن و بەڕێوەچوونی دانووستانەکان بە پێی خشتەیەک و بە دیارکردنی کات رێکبخرێت.
مەسرور بارزانی وتی لە بەغدا زۆر بانگەشە بۆ جێبەجێکردنی دەستوور دەکرێت، هەرێمی کوردستانیش خوازیاری جێبەجێکردنی دەستورە، بەڵام کۆی دەستوور نەک تەنیا ئەو ماددانەی کە بەغدا دەستەبژێریان دەکات.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان جەخت لە سەر دەستەبەرکردنی هەموو مافە دەستووریەکانی دەکاتەوە.