رۆیته‌رز: سعوودیه رۆڵی له بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ هه‌یه له باره‌ی ئۆرشه‌لیم
ورده‌كارییه‌كان روونده‌كاته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
به گوێره‌ی راپۆرتێكی ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه ریاز له پشته‌وه‌ی په‌رده، كار له‌سه‌ر هاندانی فه‌له‌ستینییه‌كان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی پاڵپشتی پلانی ئاشتی ئه‌مه‌ریكا بكه‌ن، كه ئێستا كاریی له‌سه‌ر ده‌كات.
به گوێره‌ی راپۆرته‌كه، چوار به‌رپرسی فه‌له‌ستینی، كه داوایانكردووه ناوه‌كانییان ئاشكرا نه‌كرێت، رایانگه‌یاندووه، محه‌مه‌د بن سه‌لمان، شازاده‌ی جێنشینی سعوودیه و مه‌حموو عه‌باس، سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتدارێتی فه‌له‌ستین، گفتوگۆی تێروته‌سه‌لیان له باره‌ی رێككه‌وتنێكی گه‌وره كردووه، بڕیاریشه دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و جارید كوشنه‌ری راوێژكاری، له ناوه‌ڕاستی ساڵی داهاتوو، ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ئاشكرا بكه‌ن.
یه‌كێك له‌و به‌رپرسانه ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، محه‌مه‌د بن سه‌لمان، له تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری ئه‌مساڵ، كاتێك له ریاز چاوی به مه‌حموود عه‌باس كه‌وتووه، داوای لێكردووه پشتیوانی خۆی بۆ هه‌وڵه‌كانی ئاشتی نیشانبدات، كه ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا كاری له‌سه‌ر ده‌كات.
یه‌كێكی دیكه له‌و به‌رپرسانه ئاماژه به‌وه ده‌كات، بن سه‌لمان به عه‌باسی گوتووه: "كه‌مێك ئارامبگره، گوێت له هه‌واڵی خۆش ده‌بێت، پرۆسه‌ی ئاشتی جێبه‌جێ ده‌بێت".
تا ئێستاش دیوانی شاهانه‌ی سعوودیه، هیچ لێدوانێكی له‌و باره‌یه‌وه نه‌داوه و به‌رپرسێكی كۆشكی سپیش رایده‌گه‌یه‌نێت، كوشنه‌ر داوای له شازاده‌ی جێنشینی سعوودیه نه‌كردووه له باره‌ی پلانی ئاشتی، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ عه‌باسدا بكات.
سێیه‌م به‌رپرسی فه‌له‌ستینیش له‌و باره‌یه‌وه روونی ده‌كاته‌وه، عه‌باس باس له‌وه كردووه، دامه‌زراندنی "كیانێكی فه‌له‌ستینی" پێشنیازكراوه له غه‌ززه و سێ ناوچه‌ی دیكه‌ی ئیداری له كه‌رتی رۆژئاوا، ناوچه‌كانی "أ" و "ب" و 10%ی ناوچه‌ی "ج" كه یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوونی جووه‌كانیش له خۆده‌گرێت.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه، یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوونی جووه‌كان وه‌كو خۆی له كه‌رتی رۆژئاوا ده‌مێنێته‌وه، فه‌له‌ستینییه‌كانیش مافی گه‌ڕانه‌وه‌یان نابێت، هاوكات ئیسرائیلیش له سنووره‌كان به‌رپرس ده‌بێت.
به گوێره‌ی لێدوانی ئه‌و به‌رپرسانه، فه‌له‌ستینییه‌كان ئه‌وه ره‌تده‌كه‌نه‌وه، له ماوه‌ی پێشكه‌شكردنی بیروبۆچوونه‌كانیدا، مه‌حموود عه‌باسیش ئه‌و پێشنیازه‌ی ره‌تكردووه‌ته‌وه و سعوودیه‌كانیشی تێگه‌یاندووه.
به‌رپرسێكی كۆشكی سپیش ره‌تیده‌كاته‌وه، كوشنه‌ر ئه‌و ورده‌كارییانه به محه‌مه‌د بن سه‌لمان راگه‌یاندبێت و ئه‌و لێدوانانه‌شی به ناڕوون وه‌سفكردووه.
سه‌رچاوه‌یه‌كیش له سعوودیه‌وه رایگه‌یاند، لێكتێگه‌یشتنه‌كان له باره‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی له نێوان ئیسرائیل – فه‌له‌ستین، له ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی داهاتوودا به روونی به دیار ده‌كه‌ون.