حه‌شدی شه‌عبی به‌زۆر كارتی ده‌نگدان له هاووڵاتیانی دیاله ده‌سه‌نێته‌وه .. سوننییه‌كانیش توڕه‌ن
ئه‌گه‌ر پێشنیازی ئێمه بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن له‌جێی خۆیدا نه‌بێت ئه‌ی بۆچی حه‌شدی شه‌عبی به‌زۆر كارتی ده‌نگدان له هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای دیاله دسه‌نێته‌وه؟
K24- هه‌ولێر:
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، سه‌ڵاح موزاحم جبووری سه‌رۆكی فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی هێزی عێراقی له په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێت: ره‌فتاره‌كانی ئه‌م دواییه‌ی حه‌شدی شه‌عبی له سنووری پارێزگای دیالا ئێمه‌ی نیگه‌ران كردووه، به‌تایبه‌تیش له ناحیه‌ی سه‌عدیه، كه به‌گوته‌ی موزاحم، حه‌شدی شه‌عبی هه‌موو موختاره‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ی ئاگاداركردۆته‌وه، پێویسته سه‌رجه‌م هاووڵاتیانی ئه‌و ناوچانه كارته‌كانی ده‌نگدانیان راده‌ستی حه‌شد بكه‌ن.
سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی هێزی عێراقی له به‌یاننامه‌كه‌یدا ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات: "كاتێك داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ین هه‌ندێ لایه‌ن ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌وان به پێشنیازی ئێمه بۆ دواخستنی هه‌ڵبژادرنه‌كان رازی نه‌بن، ئێمه‌ش ئه‌و پرسیاره ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر پێشنیازی ئێمه له‌جێی خۆیدا نه‌بێت، ئه‌ی بۆچی حه‌شدی شه‌عبی به‌زۆر كارتی ده‌نگدان له هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای دیاله دسه‌نێته‌وه؟ حه‌شدی شه‌عبی چ په‌یوه‌ندییه‌كی به بابه‌تی سه‌ندنه‌وه‌ی كارتی ده‌نگده‌رانه‌وه هه‌یه و مه‌به‌ستیان له‌م كاره چییه؟".
.jpg)
موزاحم گوتیشی "ئامانج له داواكاری ئێمه بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه، دۆخێكی له‌بار بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه بڕخسێت تاوه‌كو ئه‌و پرۆسه‌یه له كه‌ش و هه‌وایه‌كی دیموكراتی و له چوارچێوه‌یه‌كی بێ ساخته‌كاری به‌ڕێوه بچێت، كه تێیدا هاووڵاتی ده‌نگده‌ر بتوانێت به هه‌موو ئازادیه‌كانی و دوور له‌هه‌ر فشارێك به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بكات".
موزاحم جبووری گوتی: "ئێمه داوا له حه‌یده‌ر عه‌بادی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق و ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كه‌ین، روونكردنه‌وه‌ی له‌باره‌ی ئه‌و ره‌فتاره‌ی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه بده‌ن و سه‌ركۆنه‌ی بكه‌ن و ئه‌و كارتانه‌ی ده‌نگدانیش كه حه‌شدی شه‌عبی له هاووڵاتیانی سه‌ندۆته‌وه، بۆ خاوه‌نه‌كانیان بگه‌ڕێننه‌وه، چونكه ئێمه دڵنیاین، مه‌به‌ست له‌و كاره‌ی حه‌شدی شه‌عبی بۆ كاریگه‌ری خستنه سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق و كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی سوننی و زیادكردنی رێژه‌ی شیعه‌یه و ئێمه‌ش هه‌ڵوێستی خۆمان له‌باره‌ی ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌وه به فه‌رمی نیشانداوه و جه‌ختیش ده‌كه‌ینه‌وه، تا ئاواره‌كان نه‌گه‌ڕێندرێنه‌وه ناوچه‌كانیان، نابێت هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدرێت".