میلیشیا شیعییه‌كانی عێراق له ئیسرائیل نزیكده‌بنه‌وه
ده‌ركه‌وتنی میلیشیا شیعییه‌كانی عێراق خه‌ریكه له حاڵه‌ته‌وه ده‌بێته دیارده
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌تی چاپی له‌نده‌نی له باره‌ی ده‌ركه‌وتی میلیشیا شیعییه‌كانی عێراق له لوبنان ئاماژه به پێشڤه‌چوونی نوێ ده‌كات و نوسیوویه‌تی "پاش ده‌ركه‌وتنی قه‌یس خزعه‌لی، ئه‌مینداری گشتی عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌ق، ئه‌ندامانی سه‌رایای سه‌لامی سه‌ر به ره‌وته‌كه‌ی موقته‌دا سه‌دریش له باشووری لوبنان ده‌ركه‌وتوون".
له راپۆرتیكی رۆژنامه‌كه‌دا هاوشانی ئه‌و پێشڤه‌چوونه و كاردانه‌وه‌ی سیاسی به‌رامبه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ی خزعه‌لی بۆ سنووری باشووری لوبنان، ئێستا كارگه‌یشتووه‌ته داواكاریی بۆ پشكنینی كاروانه‌كانی حزبوڵڵا كه به‌ره‌و باشووری لوبنان ده‌رۆن.
شه‌رقولئه‌وسه‌ت به پشتبه‌ستن به پێگه ئه‌لیكترۆنییه‌كانی لوبنان، باسی گرته ڤیدیۆیه‌كی ئه‌ندامانی سه‌رایای سه‌لامی سه‌ر به موقته‌دا سه‌دریان كردووه‌و بڵاوكردووه‌ته‌وه كه له باشووری لوبنانن. یه‌كێك له‌وانه‌ی له ڤیدیۆكه‌دا ده‌ركه‌وتووه به‌ناوی ئه‌بو حه‌سه‌ن ده‌ڵێت: "ئێمه سه‌ر به سه‌رایای سهلامین و ئه‌ندامانی رێكخراوه‌كه له باشووری لوبنانن و ده‌مێننه‌وه‌و پهلدهكێشن".
پێشتر سه‌عد حه‌ریری سه‌رۆكوه‌زیرانی لوبنان و ناوه‌نده سیاسی و میدیاییه‌كانی ئه‌و وڵاته به ده‌ركه‌وتنی خزعه‌لی له باشووری وڵاته‌كه نیگه‌رانی و توڕه‌یی خۆیان ده‌ربڕیبوو، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ئۆرشه‌لیم (قودس)ـی وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل ناساند، لێدوانی میلیشیا شیعییه‌كان دژی ئیسرائیل و ئه‌مریكا زیاتربووهو جگه له لێدوان ده‌ركه‌وتنی سه‌ركرده و ئه‌ندامانی میلیشیا شیعییه‌كانی عێراق له نزیك سنووره‌كانی ئیسرائیل خه‌ریكه له حاله‌ته‌وه ده‌بێته دیارده.
جگه له‌وه‌ش ره‌وتی سه‌در به‌نیازه هێزی تایبه‌تی بۆ ئۆرشه‌لیم (قودس) درووست بكات.