"ئەمریکا هاریکارە لە دەستپێکردنی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا"

كاریگەری ئێران لە عێراق لاواز دەكرێت

K24 - ھەولێر

دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق ئاشكرای ده‌كات كه‌ ئامانجی ئه‌مریكا له‌ قۆناخی داهاتووی عێراق و له‌ دوای شه‌ڕی داعش، ئه‌وه‌یه‌ كاریگه‌ری ئێران له‌ به‌غدا و ناوچه‌كه‌ لاواز بكات و هه‌روه‌ها هاوكاریی هه‌ولێر و به‌غداش بكه‌ن بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆكانیان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان.

باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئه‌سۆشیه‌تید پرێس، ئاشكرای ده‌كات كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌وان له‌ عێراق له‌دوای قۆناخی ئاینده‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێگه‌ی خۆیان له‌ وڵاته‌كه‌ به‌هێز بكه‌نه‌وه‌ و له‌ هه‌مان كاتیشدا رێگری له‌ هه‌ژموون و كاریگه‌ری ئێران له‌سه‌ر به‌غدا بكه‌ن و تاران لاواز بكه‌ن.

دۆگلاس سیلیمان دەڵێ: "ئه‌و نیگه‌رانیەی ئه‌مریكا له‌ كاریگه‌ری و جموجۆڵی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌یهتی‌ بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئێران رێز له‌ سه‌روه‌ری خاكی وڵاتانی دراوسێی ناگرێت و به‌رده‌وامه‌ له‌ هاوكارییكردنی گرووپه‌ میلیشیاكان و زۆربه‌شیان له‌رێگای ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانییه‌وه‌ ئه‌نجامی ده‌دات، ئه‌مریكاش له‌و بڕوایه‌دایه‌ كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌و هاوكاریانه‌ش ئه‌وه‌یه‌ ره‌وشی ناوچه‌كه‌ تێكبدات".