نه‌سروڵلا به‌نیازی راگه‌یاندنی شه‌ڕه له دژی ئیسرائیل
"داوا له سه‌رجه‌م گروپه‌كانی به‌رگری ده‌كه‌م به‌شداری له دانانی پلانێكی مه‌یدانیدا بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی كرداری ده‌ست به لێدانی ئیسرائیل بكه‌ین"
K24- هه‌ولێر:
حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا ئه‌مینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنانی داوای له سه‌رجه‌م هێزه چه‌كداره‌كانی گروپه ئیسلامیه‌كان كرد، بۆئه‌وه‌ی لێدانی ئیسرائیل هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی قسه‌كردندا نه‌مێنێته‌وه و بكرێته كردار، هه‌موو به‌یه‌كه‌وه به‌شداری له دانانی پلانێكی ستراتیژی یه‌كگرتوودا بكه‌ن. نه‌سروڵڵا جه‌ختیشی كرده‌وه "بۆ سه‌ركه‌وتنه‌كان قودس و فه‌له‌ستین ده‌بنه كاری له‌پێشینه‌ی میحوه‌ری به‌رگری ئیسلامی له ناوچه‌كه".
ئه‌م قسانه‌ی نه‌سروڵڵا له لێدوانێكی ته‌له‌فزیۆنیدا هاتوون و گوتی "داوا له سه‌رجه‌م گروپه‌كانی به‌رگری ده‌كه‌م به‌شداری له دانانی پلانێكی مه‌یدانیدا بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی كرداری ده‌ست به لێدانی ئیسرائیل بكه‌ین".
ئه‌مینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد "گرنگترین كاردانه‌وه بۆ بڕیاره دوژمنكاره‌كه‌ی تره‌مپ سێیه‌م راپه‌ڕێنه‌كه‌ی فه‌له‌ستینه"، جه‌ختیشی كرده‌وه، دوای كۆده‌نگی جیهانی بۆ بڕیاری تره‌مپ بۆ ناساندنی ئۆرشه‌لیم وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به‌ته‌نیا ماوه‌ته‌وه و هیچ وڵاتێك پشتگیری ئه‌و بڕیاره‌ی ناكات.
روونیشی كرده‌وه" پێویسته رێز له‌و كۆده‌نگیه جیهانیه بگرین كه ئه‌و دوژمنكاریه ئه‌مه‌ریكیه‌ی به‌رامبه‌ر به قودس ره‌تكرده‌وه، خه‌ڵك له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی فه‌له‌ستین و له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان له دژی ئه‌و بڕیاره‌ی تره‌مپ راپه‌ڕین و، تره‌مپ به ته‌نیا ماوه‌ته‌وه، جگه له ئیسرائیل هیچ لایه‌نێكی دیكه پشتگیر لێ ناكات.
هه‌روه‌ها داواشی له سه‌رجه‌م جیهانی ئیسلامی و عه‌ره‌بیش كرد، به خۆپیشاندان و چالاكی ناڕه‌زایی خۆیان به‌رامبه‌ر ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكا نیشان بده‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌ك نه‌سروڵڵا له‌و باوه‌ڕه‌دایه، پێویسته گوتاربێژانی مزگه‌فته‌كانی جیهانی ئیسلامی خه‌ڵكی بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌مه‌ریكا هان بده‌ن.