فه‌ره‌نسا .. 200 بانقی نهێنی له توركیا و لوبنان هاوكاری دارایی پێشكه‌ش به داعش ده‌كه‌ن
ئه‌و باندانه پاره به‌و رێكخراوه ده‌ده‌ن بۆئه‌وه‌ی له‌مانه‌وه‌یدا به‌رده‌وام بێت
K24- هه‌ولێر:
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، وه‌زاره‌تی ناوخۆی فه‌ره‌نسا ئاشكرایكرد، 150 تا 200 باندی پاره سپیكردنه‌وه له توركیا و لوبنان هاوكاری ماددی پێشكه‌ش به رێكخراوی داعش ده‌كه‌ن.
برۆنۆ دال به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پاره سپیكردنه‌وه له وه‌زاره‌تی ناوخۆی فه‌ره‌نسا ئاماژه‌ی به‌و راپۆرته كرد، كه ده‌زگاكه‌یان له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌كانی سپیكردنه‌وه‌ی دراو و پێشكه‌شكردنی هاوكاری به تیرۆر له ساڵی 2016 ئاماده‌كردووه و گوتی، توانیومانه 150 تا 200 كۆمه‌ڵه و باند ده‌ستنیشان بكه‌ین كه هاوكاری ماددی پێشكه‌ش به رێكخراوی داعش ده‌كه‌ن و ئاشكراشیكرد، ته‌واوی ئه‌و باند و بانقه نهێنیانه له وڵاتانی توركیا و لوبنانن.
دال رونیشیكرده‌وه "ئاشكرایه ئه‌و باندانه پاره به‌و رێكخراوه ده‌ده‌ن، بۆئه‌وه‌ی له‌مانه‌وه‌یدا به‌رده‌وام بێت". جه‌ختیشی كرده‌وه، هه‌رچه‌نده ئێستا ئه‌و رێكخراوه پارچه پارچه بووه، به‌ڵام گروپه‌كانی تایبه‌ت به سپیكردنه‌وه‌ی دراو و هاوكاریكردنی داعش له‌ڕووی ماددیه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌یان به‌رده‌وامن، بۆئه‌وه‌ی له‌داهاتوودا داعش له هه‌ندێ شوێنی دیكه سه‌رهه‌ڵبداته‌وه.