UN هۆشداری ده‌داته عێراق
له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا 106 كه‌س له‌عێراق له‌سێداره دراون
K24- هه‌ولێر:
كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌باره‌ی سزای له‌سێداره‌دان هۆشداری ده‌داته عێراق و داوای لێ ده‌كات، ده‌ست له بڕیار و جێبه‌جێكردنی سزای له‌سێداره‌دان هه‌ڵگرێت، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی شه‌وی رابردوو فه‌رمانی له‌سێداره‌دان به‌تۆمه‌تی تیرۆر به‌سه‌ر 38 كه‌سدا جێبه‌جێ كرا.
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، لیز سرۆسیل، گوته‌بێژی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان گوتی: "به‌هۆی له‌سێداره‌دانی به‌كۆمه‌ڵ له زیندانی ناسریه‌ی باشووری عێراق، كه رۆژی پێنجشه‌ممه به‌سه‌ر 38 كه‌سدا جێبه‌جێ كرا، ئێمه تووشی شۆكێكی گه‌وره بووین".
هه‌وره‌ها گوتیشی، ئه‌و كه‌سانه‌ی فه‌رمانی له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌ركراوه به‌تۆمه‌تی تیرۆر بووه، به‌ڵام وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێكرد، كۆمسیۆنی ئه‌وان گومانیان له پاكی و دادپه‌روه‌ری دادگاییكردنهكانیان هه‌یه.
سرۆسیل ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا 106 كه‌س له‌عێراق له‌سێداره دراون، له‌وانه‌ش 42 كه‌سیان ته‌نیا له یه‌ك رۆژدا له مانگی ئه‌یلولی رابردوو له هه‌مان زیندان سزاكه‌یان جێبه‌جێ كراوه.
گوته‌بێژی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ جه‌ختیشی كرده‌وه "ئێمه دووباره هۆشداری ده‌ده‌ینه‌وه به‌رپرسانی عێراقی و داوای لێ ده‌كه‌ین، سزای له‌سێداره‌دان بوه‌ستێنێت و پێداچوونه‌وه‌یه‌كی گشتگیر بۆ ده‌زگا دادوه‌ریه‌كانی بكات".
رۆژی پێنجشه‌ممه، وه‌زاره‌تی دادی عێراقی له‌سێداره‌دانی 38 كه‌سی به تۆمه‌تی تیرۆر راگه‌یاند، ئه‌مه‌ش دوای كه‌متر له هه‌فته‌یه‌ك له راگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا له‌لایه‌ن عێراقه‌وه.
هه‌ر ئه‌مڕۆ وڵاتی سویدیش ناڕه‌زایه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر به‌و كاره‌ی عێراق راگه‌یاندبوو، كه له‌ناو ئه‌و 38 كه‌سه‌دا هاووڵاتیه‌كی هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه سویدیش هه‌بووه و، بۆ گه‌یاندنی توڕه‌یی خۆشیان، سه‌رۆك وه‌زیرانی سوید باڵیۆزی عێراقی له ستۆكهۆڵم بانگهێشت كردبوو، كه به‌گوێره‌ی میدیا سویدیه‌كان، ئه‌و هاووڵاتیه‌یان له ته‌مه‌نی 60 ساڵیدا بووه.
مارگۆ والسترۆمی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سویدیش له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندبوو، وڵاته‌كه‌یان وه‌ك وڵاتێكی دیاری یه‌كێتی ئه‌وروپا، ئه‌و كاره‌ی عێراق شه‌رمه‌زار ده‌كات و به "نامرۆڤانه و بێبه‌زه‌یی و بێ پێداچوونه‌وه" وه‌سفی ده‌كه‌ن.
به‌گوێره‌ی ده‌ستووری عێراقی، سزای له‌سێداره‌دان پێویستی به په‌سه‌ندكردن و واژووكردنی سه‌رۆك كۆمار هه‌یه، بۆئه‌وه‌ی شه‌رعیه‌تی جێبه‌جێ كردن وه‌ربگرێت و، دوای وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی سه‌رۆكایه‌تیش، وه‌زاره‌تی داد فه‌رمانی جێبه‌جێ كردن ده‌رده‌كات.