"قه‌ت نانه‌وێ ئاڵاكه‌مان"

17ـی دیسه‌مبه‌ر رۆژی ئاڵای كوردستانه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ رۆژی ئاڵای كوردستانە و لە دامودەزگا و قوتابخانە و شوێنە گشتییەكانی كوردستان بە بەرزكردنەوەی ئاڵا و پۆشینی جل و بەرگی كوردییەوە رێز لە ئاڵای كوردستان دەگیرێت و چەند چالاكیەكیش بەم بۆنەوەیە ئەنجامدەدرێن.

رۆژی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان له‌ سه‌ر بینای شاره‌داری مه‌هاباد له‌ 17 كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 1945  به‌ وه‌رچه‌رخانێكی گرنگ له‌ مێژووی سیاسی كورد ئه‌ژمار ده‌كرێت، كه‌ 72 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا بۆ‌ یه‌كه‌مجار ئاڵای كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌یه‌كی حكومه‌ت به‌رزكرایه‌وه‌، مانگێك و چه‌ند رۆژێك پێش ئه‌وه‌ی كۆماری كوردستان له‌ رۆژی 22 كانوونی دووه‌می 1946 دابمه‌زرێت.

هه‌رچه‌نده‌ كۆماری كوردستان پاش 11 مانگ كۆتایی به‌ ته‌مه‌نی هات، بەڵام ئاڵای كوردستان به‌هۆی دڕیژپێدانی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی له‌ لایه‌ن خه‌باتگێڕانییه‌وه‌ له‌ شاخه‌كانی كوردستان، رێورسمه‌كانی بیرهێنانه‌وه‌ی به‌ شكۆمه‌ندی مایه‌وه‌و ئاڵاكه‌ش تا ئیستا به‌ شه‌كاوه‌یی ماوه‌ته‌وه‌.

له‌ ساڵی 2009 به‌ بڕیاری ژماره‌ 48 به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیاری دا رۆژی 17 كانوونی یه‌كه‌می هه‌موو ساڵێك بكرێته‌ رۆژی ئاڵای كوردستان. هاوكات هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ش به‌ رۆژی دایك له‌ كوردستان دیاری كرد. له‌ كاتێكدا له‌ رۆژی 11/11/1999 یاسای ئاڵای كوردستان ده‌رچوو بوو.

هه‌ر بۆیه‌ له‌ 17 كانوونی یه‌كه‌می هه‌موو ساڵێك رێوره‌سمی تایبه‌ت بۆ رێزگرتنی له‌ رۆژی ئاڵای كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و شوێنه‌ گشتییه‌كان و ناوه‌نده‌كانی خوێندن به‌ ئاڵای كوردستان ده‌رازێندرێنه‌وه‌.

له‌ مێژووی خه‌باتی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستاندا، هه‌میشه‌ ئامانجی شۆڕشه‌كانی كورد، به‌رزڕاگرتنی ئاڵای نه‌ته‌وه‌یی كورد بووه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌زاره‌ها پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتی سڤیل بوونه‌ قوربانی ده‌ستی رژێمه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی ناوچه‌كه‌.

دواینجار كه‌ دوژمنانی كورد دژی ئاڵای كوردستان و گه‌لی كورد به‌ ئاشكرا پێكه‌وه‌ وه‌ستانه‌وه‌، له‌ پاش ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بوو كه‌ رۆژی 25/9/2017 ئه‌نجامدار و بانگه‌شه‌ و كه‌رنه‌ڤاڵه‌كانی ئه‌و پرۆسه‌ گرنگه‌، سه‌راپا به‌ ئاڵای كوردستان داپۆشرابوو، به‌ڵام دیسان وه‌ك رابردوو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كوردستانیان داگیركردووه‌، پێكه‌وه‌ كه‌وتنه‌وه‌ ئابڵۆقه‌دان و په‌لاماردانی گه‌لی كوردستان و به‌ پاڵپشتی ژماریه‌ك به‌رپرسی یه‌كێتی، توانیان له‌ به‌شێكی خاكی باشووری كوردستان، ئاڵای كوردستان بهێننه‌ خواره‌وه‌و ناوچه‌كانیان داگیركرد و ده‌ستیان به‌ ئاواره‌كردن و كووشتنی هاووڵاتیانی كورد و سووتاندنی ماڵ و حاڵیان كرده‌وه‌و ویستیان سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی دیكه‌ی باشووری كوردستانیش داگیربكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام هێزی پێشمه‌رگه‌ رێگه‌ی نه‌داو خه‌ڵك و ئاڵای كوردستانیان پاراست.

به‌ڵام هێشتا گه‌لی كوردستان له‌ هه‌رێمی كوردستان و پارچه‌كانی دیكه‌ و تاراوگه‌، ئاڵای كوردستان وه‌ك هێمای پێكه‌وه‌ مانه‌وه‌ له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی خه‌باتی سیاسی و دیپلۆماسی و مه‌ده‌نی ده‌بینن و ده‌ستبه‌رداری نه‌بوون.

ئێستا كه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵكی باشووری كوردستان به‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دا، ده‌نگیان بۆ به‌رزڕاگرتنی ئه‌و ئاڵایه‌ بوو‌ كه‌ هێشتا به‌ شه‌كاوه‌یی ماوه‌ته‌وه‌و چاوه‌ڕوانی ده‌رفه‌تێكه‌ تا بگاته‌ به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی نێوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی جیهان، هه‌رچه‌نده‌ ئێستاش له‌ زۆر بۆنه‌دا سه‌رۆك و سه‌ركرده‌كانی جیهان، ئاڵای كوردستان هاوشانی ئاڵای وڵاته‌كانیان داده‌نێن و رێزی لێده‌گرن.

واتا و هێمای رەنگەکانی ئاڵای کوردستان:

رەنگی سوور: شۆڕش، خوێن رژان لە جەنگ، ئازایی، هێز، یەکسانیی.

رەنگی زەرد: رووناکیی، درەوشانەوە، وریایی، ئاگر.

رەنگی سپی: ئاشتیی، ئارامیی، ئاگربەست.

رەنگی سەوز: سەوزایی، وڵات، پاراستن، لاوێتیی.

 

وێنه‌: دژوار ئیبراهیم