بارزانی ھەڵبژاردن بە باشترین چارەسەری قەیرانەكان دەزانێت

"گەلی كوردستان سەردەكەوێت چونكە دۆزەكەی رەوایە"

K24 - ھەولێر

سەرۆك مەسعود بارزانی، جەخت دەكاتەوە كە ھەڵبژاردن باشترین چارەسەرە بۆ چارەسەری قەیرانەكانی ھەرێمی كوردستانە.

لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك راگر و مامۆستای زانكۆكانی دهۆك سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن باشترین چارەسەرە بۆ قەیرانەكانی هەرێم و جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەو قۆناغە سەختە تێدەپەڕێت و دواجار گەلی كوردستان سەردەكەوێت چونكە دۆزەكەی رەوایە و زوڵمیشی لە كەس نەكردووە.

ئەمڕۆ سەرۆك بارزانی، لە شاری دهۆك لەگەڵ ژمارەیەك راگر و مامۆستای زانكۆكانی دهۆك كۆبۆوە. لەو كۆبوونەوەیەدا مامۆستایانی زانكۆكانی دهۆك بەپێی پسپۆری و شارەزاییان لە بوارە جۆراوجۆرەكان لە گفتوگۆیەكی تێروتەسەلدا كۆمەڵێك تێبینی و پێشنیار و پرسیاریان لە بارەی بارودۆخی سیاسی و دەستووری عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ریفراندۆمی گەلی كوردستان و هەروەها بار و گوزەرانی خەڵك و كێشە و قەیرانە دارایی و ئابوورییەكانی هەرێم و مەسەلەی خزمەتگوزاری و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چاكسازی لە كەرتە جۆراوجۆرەكان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ پێشنیار و تێبینییەكانی مامۆستایان، وەڵامی پرسیار و تێبینیی ئامادەبووانی كۆبوونەوەكەی دایەوە و لە وتەیەكدا بارودۆخی سیاسیی كوردستان و عێراق و هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرانبەر بڕیاری ڕیفراندۆمی گەلی كوردستانی شیكردەوە. هەروەها ڕۆشنایی خستەسەر ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر و قۆناغی دوای ڕیفراندۆم و ئەو كۆسپ و تەگەرانەی خراونەتە بەردەم ژیان و بڕیاری خەڵكی كوردستان.

لە بەشێكی تری وتەكانیدا سەرۆك بارزانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی بە باشترین چارەسەر بۆ قەیرانەكانی هەرێم زانی و جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەو قۆناغە سەختە تێدەپەڕێت و دواجار گەلی كوردستان سەردەكەوێت چونكە دۆزەكەی ڕەوایە و زوڵمیشی لە كەس نەكردووە.