خۆپیشاندانی گەندەڵکاران دژی گەندەڵی
کێن ئەوانەی لە پشت خۆپێشاندانەکانن؟
ئاسۆ محەمەد – سلێمانى:
بە سەرنجدان لەو کەس و لایەنانەی پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی دەڤەری سلێمانی دەکەن. دیارە ئەو خۆپێشاندانانە دوور و نزیک لە پێناوی بەرژەوەندی خەڵک نییە. چونکە ئەوانەی لە پشت خۆپێشاندانەکانن و هانیان دەدەن بۆ هێرش و پەلامار و سووتاندن. زۆر لە بەرپرسانی ئێستای حکومەتی هەرێم گەندەڵترن. کەچی توانیویانە هێندێک خەڵکی ساویلکە بگەوجێنن و یاری بە عەقڵیان بکەن! با بزانین کێن ئەوانەی خۆیان کردووەتەوە شاسواری رووبەڕوونەوەی گەندەڵی:
گۆڕان:
لەوەتەی دامەزراوە، پەیامی دژایەتیکردنی گەندەڵی بەرزکردووەوتەوە و بانگەشەی دژایەتی گەندەڵی دەکات، بەڵام رێکخەر و بەرپرسانی گۆڕان لە دوای راپەڕینەوە بەشدارن لە هەموو گەندەڵییەکانی کوردستان. بگرە رێکخەری کۆچکردووی گۆڕان نەوشیروان موستەفا ساڵی 2005 لە کۆبوونەوەیەکدا زۆر بەتووندی رووبەڕووی ئەوانە دەبێتەوە کە باسی گەندەڵی حکومەتی هەرێم دەکەن و زۆر ستایشی دەستکەوتەکانی حکومەتی هەرێمیش دەکات! بەرپرسانی گۆڕانیش وەک بەرپرسانی هەموو پارت و لایەنەکانی دیکەی کوردستان هەموو گیانیان گەندەڵییە و خانەنشین و بندیوارن و مووچە و ئیمتیازاتی خەیاڵیان وەرگرتووە و وەریشی دەگرن. ئەوانیش وەک پارتی ویەکێتی دەستیان بە سەر موڵکی گشتیدا گرتووە و مەکۆی سەرەکی گۆڕانیش کە گردی زەرگەتەیە و بایی سەدان ملیۆن دۆلارە موڵکی گشتییە و کاک نەوشیروان دەستی بەسەردا گرت و دواتریش لە سەر کوڕەکانی تاپۆکرا.
یوسف محەمەدی سەرۆک ماوە بۆ درێژکراوی پەرلەمان دوو ساڵە چاوی بە پەرلەمان نەکەوتووە کەچی مووچە و ئیمتیازەکانی وەردەگرێت کەچی ئەمڕۆ بۆ چەواشەکردنی خەڵک دەچێتە ناو خۆپێشاندان!
وەزیرەکەی گۆڕان لە بەغدا بە دەیان فایلی گەندەڵی لەسەرە و میدیای عیراقی دەیانجار لە سەریان نووسیوە. ئیتر چۆن دەتوانن لاف و گەزاڤی دژایەتیکردنی گەندەڵی لێ بدەن !
كۆمەڵی ئیسلامی:
هێزێکی ئیسلامی تووندڕەوە و هيچ باوەڕی بە سیستەمی دیموکراسی و پەرلەمانی نییە و ئەمیری کۆمەڵ عەلی باپیر لەوەتەی هەیە هەر ئەمیرە، کتێبێکی هەیە بەناوی (چارەسەری كێشـەی كورد لە نێوان ئیمان و پەرلەمان ) لەوێدا بە ئاشکر دەڵێ من دژی دیموکراسی و پەرلەمانم! کۆمەڵیش وەک هەموو هێزەکانی دیکە نغرۆی گەندەڵیە و بە شێکە لە دەسەڵات. تەنانەت لەم دۆخە سەختەدا عەلی باپیر ژنێکی تری هێنا!
بەرهەم ساڵح:
چەندین ساڵ لە پۆستی هەرە باڵای دەسەڵات بوو. سەرۆک حکومەتی هەرێم، جێگری سەرۆکی حکومەتی بەغدا، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی و ئێستا سەرۆکی لیست. لەو پۆستانەدا سەدان ملیۆن دۆلاری لە بەردەست بووە و تەخشان وپەخشانی کردووە بگرە لە سایەی دەسەڵاتەکەیدا دەیان دۆست وهاوڕێ و کادیری یەکێتی بە مووچەی زۆر، بندیوار کردووە.
زەوی و زارێکی زۆری بەم سەرمایەدار وئەو داوە. دەیان موڵک و زەویوزاری لە هەولێر و سلێمانی هەیە. لە سەر پۆست وپایە و دەسەڵات نەیتوانی لە ناو حیزبەکەی خۆشیەوە هەڵبکات. ئیدی چ ئومێدێکمان پێ بێت کە ئەمجارە نموونەی حوکمڕانیەکی ناگەندەڵ و بە قسەی خۆی "رەشید" مان پێشکەش دەکات؟!
شاسوار عەبدولواحید:
شاسوار یەکێکە لەوانەی لە پڕێکەوە بووە بە کوڕێک ئەویش بە هۆی دەست تێکەڵکردن لەگەڵ بەرپرسانی گەندەڵی کوردستان. بە شێوەیەکی ناڕەوا و نایاسایی دەیان هەزار دۆنم زەویوزاری پێ بەخشرا. بگرە نزیکەی چل ملیۆن دۆلاری لە حکومەتی هەرێم به قهرز وەرگرتووە و تا ئێستا نەیداوەتەوە.
لەو ماوەیە وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، کە بایی نزیکەی نیو ملیۆن دۆلار پارەی کارەبا قەرزارە و نەیداوە.
پارەی هەزاران خاوەن پشکی چاڤیلاندی خواردووە. چەندین مانگە مووچەی کارمەندانی کۆمپانیا و تیڤییەکانی نەداوە کە بەم دواییانە لە شانۆگەرییەکی کۆمیدیدا فرۆشتنی راگەیاند، کەچی تا ئێستاش هەر رێکلامی بۆ دەکەن.
باشە کەسێک مووچەی کارمەند و کرێکارەکانی خۆی خوارد بێت چۆن بە فرمێسکە درۆیینەکانی باوەڕبکەین بۆ مووچەخۆرانی کوردستان؟!
لاهور جەنگی:
یەکێکە لە پلانداڕێژەرانی خیانەتی گەورەی شازدەی ئۆکتۆبەر کە ئەگەر لە کوردستان دادگە و یاسا کاریگەریی و دەسەڵاتی هەبووایە دەبوو ئێستا لیپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێ و سزای خیانەتەکەی وەربگرێت نەک ببێتە دەمڕاستی خۆپیشاندەران.