خۆپیشاندانه‌كان له‌ژێر ناوی مووچه ده‌ستپێده‌كه‌ن و به په‌لاماردانی باره‌گاكان كۆتاییان دێت
گۆڕان و كۆمه‌ڵ پشتگیری خۆپیشاندانه‌كان ده‌كه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
له پارێزگای سلێمانی و چه‌ند شار و شارۆچكه‌یه‌كی ناوچه‌كانی ژێر هه‌ژموونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، خۆپیشاندان له‌ژێر ناوی "داخوازی مووچه و باشكردنی ره‌وشی خراپی گوزه‌رانی هاووڵاتیان" ده‌ستیپێكردووه.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 18/12/2017 له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی خۆپیشاندانه‌كاندا، وه‌فدی باڵای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كۆبوونه‌وه‌و دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش راگه‌یاندراوێكی هاوبه‌شیان بۆ رایگشتی بڵاوكردوه‌ته‌وه و تیایدا پیشتیوانی خۆیان بۆ داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌ران دوپاتكرده‌وه".
ئه‌و پاڵپشتییه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵ له شێوازی داڕشتندا هاوشێوه‌ی به‌یاننامه‌كانی پێشوویانه، به‌ڵام له‌م كاته‌دا راسته‌وخۆ ده‌ربرینی بۆچوونی ئه‌و دوو حزبه‌یه به‌رامبه‌ر خۆپیشاندانه‌كان و به فه‌رمی پشتگیریی كردنییه‌تی.
پێشتریش ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی گۆڕان و یه‌كێتی گوتاری توند و دژبه‌رانه‌یان به‌رامبه‌ر پارتی هه‌بووه‌و بانگه‌شه‌ی خۆپیشاندان و ته‌نانه‌ت "راپه‌ڕین"ـیشیان كردووه، لاهور شێخ جه‌نگی و یوسف محه‌مه‌د دوو له‌و به‌رپرسانه‌ن كه پێشتر داواكاری له‌و شێوه‌یه‌یان له خه‌ڵك هه‌بووه‌و به توندی قسه‌یان كردووه.
پێشتریش خۆپیشاندانی زۆر له‌و ناوچه‌یه كراوه، به‌ڵام زۆربه‌ی جار داخوازییه‌كانی چین و توێژه‌كان به ئارسته‌ی قوڵكردنه‌وه‌ی ململانی سیاسییه‌كان براون و رووی به‌شێكی خۆپیشانده‌ران گۆڕاوه بۆ باره‌گاكانی پارتی دیمو‌كراتى كوردستان له سنووری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان، هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ ئه‌و هه‌وڵه بینراو رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌نێوان خۆپیشانده‌ران و ھێزه ئه‌منییه‌كان روویداوه‌و له چه‌ند ناوچه‌یه‌ك (سلێمانی، پێرهمهگروون، چه‌مچه‌ماڵ، سه‌ید سادق) هه‌وڵی هێرشكردنه سه‌ر باره‌گانی پارتی دیموكراتی كوردستان دراوه.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خۆپیشاندانی هێمنانه و مه‌ده‌نیانه به مافێكی ره‌وای خه‌ڵك ده‌زانێ، به‌ڵام زۆرجار به سیاسیكردنی خۆپیشاندانه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی چه‌ند حزبێكی سیاسی، ده‌ره‌نجامی باشی بۆ فه‌رمانبه‌ران نه‌بووه‌و ته‌نها كێشه‌كانی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی قوڵكردووه‌ته‌وه.
ئێستاش خۆپیشاندانه‌كان له كاتێكدایه كه په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به قۆناغێكی دژوار‌دا تێده‌په‌ڕێت و ماوه‌ی زیاتر له سێ ساڵیشه حكومه‌تی عێراق بوودجه‌ی هه‌رێم و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی بڕیوه.
جگه له‌وه‌ش به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌ریمی كوردستان ده‌ڵێن "سه‌رجه‌م ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی حكومه‌تی عێراق بۆ خه‌رجكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم داوونی، تا ئیستا جیبه‌جی نه‌كراوه، هه‌ر چه‌نده حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین جار رایگه‌یاندووه "ئه‌گه‌ر به‌غدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان خه‌رج بكات، ئاماده‌ین سه‌رجه‌م داهاته‌كانی راده‌ست بكه‌ین".
به‌تایبه‌تی دوای رووداوهكای 16ـی ئۆكتۆبه‌ر، كه ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی یه‌كێتی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه‌ی پارێزگاكه‌یان به چاودیری ئێران راده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق كرد، یه‌كێك له‌و به‌ڵێنانه‌ی به خه‌ڵكی ناوچه‌كانی پارێزگای سلێمانیان ده‌دا ئه‌وه‌بوو كه "ئیتر به‌غدا مووچه‌یان ده‌نێرێت، چونكه نه‌وتی كه‌ركووكیان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه بۆ به‌غدا".
به‌ڵام تا ئیستا به‌غدا هیچ یه‌كێك له‌و به‌ڵێنه ناڕوونانه‌ی به‌و گرووپه به‌رپرسه‌ی دابوو له‌سه‌ر زه‌وی جێبه‌جێ نه‌كردووه‌و ته‌نانه‌ت پۆستی پارێزگاری كهركووكیشی پێنه‌دان.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێش رووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر، 550 تا 600 هه‌زار بهرمبل نه‌وتی هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه ده‌كرد و وه‌ك خۆیان ده‌یانگووت "له داهاتی ئه‌و نه‌وته مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌ده‌ین".
به‌ڵام پاش داگیركردنی كه‌ركووك به‌رزترین رێژه‌ی هه‌نارده‌كراوی نه‌وتی هه‌رێم له 270 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه تێپه‌ڕی نه‌كردووه، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر داهاتی هه‌رێمی كوردستان درووستكردووه.
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكوه‌زیران، پاش ئه‌و رووداوانه و به‌تایبه‌تی پاش گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ حكومه‌ت و په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری، كۆبوونه‌وه‌ی زۆریان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی ناو حكومه‌ت و ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تیش كرد. به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی داوای حكومه‌تی كاتیان ده‌كرد، هه‌ر چه‌نده خۆیان به‌شێكن له حوكمڕانی ئیستای هه‌رێمی كوردستان.
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه ئه‌و لایه‌نانه و كه‌سانی دیكه‌ش كه به‌نیازن له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان به لیستی تایبه‌ت به‌شداریی بكه‌ن، هه‌ڵمه‌تێكیان بۆ جووڵاندنی هاووڵاتیان له ده‌ڤه‌ری سلێمانی ده‌ستپێكردووه تا خه‌ڵك خۆپیشاندان دژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
هاندانی خه‌ڵك بۆ خۆپیشاندان دژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كاتێكدایه كه، ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌وروپا و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به شێوازی جیاواز رایانگه‌یاند، پاڵپشتی له‌م حكومه‌ته ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له وڵاتان و به‌رپرسان ناوی سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگرهكهیشیان ده‌هێنا و داوایان له لایه‌نه‌كان كرد كه پاڵپشتی بكه‌ن، به‌ڵام چاودێرانی ره‌وشه‌كه پێیانوایه هه‌مان ئه‌و ئه‌جێندا سیاسییه‌ی 16ـی ئۆكتۆبه‌ری له كه‌ركووك خوڵقاند، ده‌یانه‌وێت كارته‌كانی دیكه‌یان له رێگه‌ی چه‌ند هێزێكی ناوخۆیی دژی حكومه‌تی هه‌ریمی كوردستان به‌كاربهێننه‌وه، له كاتێكدا ده‌رگای وڵاتانی جیهان به رووی هه‌رێمی كوردستان زیاتر كراوه‌ته‌وه كه پاش ریفراندۆم به‌غدا هه‌وڵی زۆری‌دا به یه‌كجاری دایبخات.
ره‌وشی فه‌رمانبه‌ران ماوه‌ی زیاتر له 3 ساڵه زۆر خراپ بووه، دۆخی ئابووری كوردستانیش لاواز بووه، به‌ڵام هێشتا لایه‌نه سیاسییه‌كانی ناو حكومه‌ت و ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت هه‌موویان پێكه‌وه نایانه‌وێت رووبه‌ڕووی ئه‌و بارودۆخه نوێیه ببنه‌وه كه به‌شێكی سه‌ره‌كییان به‌غدا به هۆكاره‌كه‌ی ده‌زانرێت.
.jpg)
.jpg)
.jpg)
.gif)
.jpg)
.jpg)
.jpg)
.jpg)