کەرکوک: لەشەواندا لەسەر دیوارى ماڵە کوردەکان دەنووسرێت "خوێنى لەسەرە"
ئهوانهی لهكهركوك ههرهشه له كورد دهكهن ئاڵای عێراقیان لهسهر ئۆتۆمۆبیلهكانیان داناوه
K24- ههولێر:
کاتژمێر یەک و نیوى شەو دوو ئۆتۆمبێلى سەربازى هەمەر، شەش چەکدارى تێدا بوو، لەپێش دەرگاى ماڵەکە وەستان و لێیان نووسی ئەم خانووە خوێنى لەسەرە، (م،ع) كه هاووڵاتیەکى دانیشتووى گەڕەکى شۆراوى کەرکووکە، بۆ كوردستان 24 باسى نووسینە هەڕەشە ئامێزەکانى سەر دیوارەکانى كرد و گوتى: ئەو چەکدارانە، جلەکانیان ڕەش بوو، ئاڵاى عێراق بەئۆتۆمبێلەکانیانەوە بوو، بەڵام ناسنامەیان دیار نەبوو، هاتن ماڵەکەیان پشکنی پاشان لەسەر دیوارى ماڵەکەیان نووسی، ئەم خانووە (خوێنى لەسەرە).
گەڕەکى شۆراو دەکەوێتە دەروازەى کەرکوک و لەسەر ڕێگاى کەرکوک ـ هەولێرە، زۆربەى دانیشتوانەکەى کوردن، لەدواى ڕووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەرەوە بارەگاى سەرەکى فەرماندەى ئۆپەراسیۆنى کەرکووک لەو گەڕەکە دانراوە.
لەبارەى ڕووداوەکەوە، عەمید خەتاب عومەر، بەڕێوبەرى پۆلیسى کەرکوک، بۆ کوردستان٢٤ قسەى کردو گوتى: نازانین کێن ئەوانەى هەڕەشە دەکەن، بەڵام هەڕەشە کردن لەهاوڵاتیانى کورد لە کەس قبوڵ ناکەین.
خەتاب عومەر، جهختیشی كردهوه، بڕیارە بهمنزیكانه لەگەڵ هێزە عێراقیەکان کۆببینهوه و، ئەو بابەتانەش باس دەکەین و دەبێت هەماهەنگیمان هەبێت و ههوڵ دهدهین ئەو کێشانە چارهسهر بكهین.
کوردستان٢٤ وێنەى ئەو ماڵەى گەڕەکى شۆراوی دەست کەوتووە هەڕەشەى لێکراوە و لهسهر دیواری دهرهوهی ماڵهكه نووسراوە خوێنى لەسەرە، پاش بەدواداچوون دەرکەوتووە ئەو ماڵە خانووى هاووڵاتیهكی کوردە کە دوای رووداوهكانی ١٦ى ئۆکتۆبەر ئاوارەى شارى هەولێر بووە.
لەدواى ڕووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەرەوە هەڕەشە لە سەر ژیانى خێزانە کوردەکان دروست بووه، بەو هۆیەشەوە بەهەزار هاوڵاتی ئاوارەى شارەکانى هەرێمى کوردستان بوون.
.jpg)