"داواكانی مامۆستایان ناشیرین مەكەن"
ھەندێك خەڵك بۆ مەرامی سیاسی خۆیان دێنە پاڵ خۆپێشاندەران
K24 - سلێمانی
مامۆستایان رایدەگەیەنن ئەوان خۆپێشاندانیان بۆ خستنەڕووی داواكانیان ئەنجامداوە، بەڵام ھەندێك كەس و لایەن بۆ مەرامی سیاسی خۆیان دێنە پاڵ مامۆستایان، داواش دەكەن داواكارییەكانیان ناشیرین نەكەن.
عەتا ئەحمەد، جێگیری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە كوردستان24 گوت: "مامۆستایان ئەو خۆپێشاندانەیان رێكخستووە، بەڵام بە داخەوە خەڵكانێك ھەن خۆیان دێنە پاڵ مامۆستایان و خەریكە داواكانی ئەوانیش ناشیرین بكەن، ئەوانە مەرامی سیاسی خۆیان ھەیە و ئێمە لەگەڵ ئەوانە نین".
ئەم خۆپێشاندانە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بە قۆناغێکی دژواردا تێدەپەڕێت و ماوەی زیاتر لە سێ ساڵیشە حکومەتی عێراق بوودجەی ھەرێم و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی بڕیووە، مامۆستایانیش داوا لە حکومەت دەکەن ھەرچی زوترە بە ھانای داواکاریەکانیانەوە بێت، بۆ ئەوەی بارودۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی نەڕوات.
سەبارەت بە جێبەجێكردنی داواكانی خۆپێشاندەران عادل حەسەن، ئەندامی ئەنجومەی مامۆستایانی ناڕازی دەڵێت: "بۆ ئەوەی بارودۆخەكە بەرەو ئاڵۆزتر نەچێت، پێویستە حكومەتی ھەرێمی كوردستان مووچەی مامۆستا و فەرمانبەران دابین بكات و باروگوزەرانی ھاووڵاتیان باشتر بكات".