ریال مەدرید لە کلاسیکۆی ئەمجارە بەنیازی نمایشکارییە

هاندەرانی یانەکە لەگەڵ ئەم نمایشکارییەدا نین

K24- هەولێر

ریال مەدرید بڕیاری داوە پێش دەستپێکردنی یاریی کلاسیکۆ بە چەند خولەکێک جامی جیهانی یانەکان لە بەردەم هاندەرانی نمایش بکات.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە ژمارەی ئەمڕۆ سێشەممەی ئاشکرایکردووە، دوای ئەوەی بارسێلۆنا رەتیکردەوە رێڕەوی رێزلێنان بۆ یاریزانانی ریال مەدرید دروست بکات، کارگێڕانی ریال مەدرید بڕیاریان داوە چەند خولەکێک پێش دەستپێکردنی یاریی کلاسیکۆ، جامی جیهانی یانەکان لە بەردەم هاندەرانی نمایش بکات، کە شەممەی رابردوو لە ئیمارات نازناوەکەیان بەدەستهێنا، بەڵام هاندەرانی ریال مەدرید دژی ئەم بیرۆکەیەن و پێیانوایە نمایشکردنەکە کاریگەری خراپی لەسەر دەروون و ئامادەکاریی یاریزانەکان دەبێت بۆ کلاسیکۆ.
رۆژنامەنووسێکی نزیک لە یانەی ریال مەدریدیش رایگەیاندووە، ریال مەدرید تەنیا نازناوی مۆندیالی یانەکان لە کلاسیکۆ نمایش ناکات، بەڵکو هەر پێنج نازناوەکەی لەمساڵ بەدەستیهێناون لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ نمایشیان دەکات، چونکە یاریی کلاسیکۆ دەبێتە دوایین یاریی یانەکە لە 2017 ئەنجامی بدات.