رێككاری یاسایی دژی شاسوار عەبدولواحید دەگیرێتەبەر
تۆمەتبارە بە ھاندانی خەڵك
K24 - ھەولێر
سەرۆكایەتی داواكاری گشتی داوا لە دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی دەكات، رێككاری یاسایی دژی شاسوار عەبدولواحید و كەناڵی ئێن ئارتی بگرێتەبەر كە تۆمەتبارن بە ھاندانی خەڵك بۆ توندوتیژی لە نێو خۆپێشاندانەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی.
لە نووسراوێكدا كە وێنەیەكی دەست كوردستان24 كەوتووە داواكاری گشتی تێیدا ھاتووە: "ئاماژە بە ماددەی (یەكەم) بڕگەی (یەكەم) ماددەی (دووەم) بڕگەی (یەكەم) لە یاسای داواكاری گشتی ژمارە 159 ی ساڵی 1979 ی ھەمواركراو، بفەرموون بۆ گرتنەبەری رێككاری یاسایی پێویست دژی شاسوار عەبدولواحید، كە تیادا ھانی خەڵكی داوە بۆ خۆپێشاندان و جووڵە پێكردنیان و لە ئەنجامدا ئەم خۆپێشاندانەش دەرئەنجامی خراپی لێكەوتووەتەوە ئەویش سوتاندنی فەرمانگە حكومییەكان و شێواندنی شوێنە گشتییەكان و گرتنی رێگای گشتی لەلایەن خەڵكی خۆپێشاندەرەوە و جوڵاندنی ھەستی خەڵك و بەكارھێنانی زاراوەی برۆخێی حكومەت و دامەزراوە فەرمییەكانی ھەرێم بەپێی مادەی 221 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111 ی ساڵی 1969 ی ھەمواركراو، لە ئەنجامەكەی ئاگادارمان بكەنەوە".

لە نووسراوێكی دیكەدا داواكاری گشتی داوا لە دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی/1 دەكات رێكاری یاسایی دژی كەناڵی NRT ی شاسوار عەبدولواحید بگیرێتەبەر كە بەھۆی رووماڵی خۆپێشاندان ھاووڵاتیان لە پیرە شارۆچكەی مەگروون دیمەن و چاوپێكەوتنی لەگەڵ خۆپێشاندەران بڵاوكردووەتەوە بەشێوەی راستەوخۆ كە توندوتیژی و ھاندانی ھاووڵاتیان لە خۆ دەگرێت بۆ ھەڵكوتانە سەر بینا حكومییەكانی ناوچەكە.

دوێنێ ھاوكات لەگەڵ خۆپێشاندانەكانی سلێمانی شاسوار عەبدولواحید كە خۆی لە دەرەوەی وڵاتە لە رێگەی كەناڵەكەیەوە ھانی خەڵكیداوە بۆ چوونە سەرشەقام دژی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، ھەروەھا كەناڵی ئێن ئارتی كە شاسوار گوتویەتی فرۆشتوومە و خاوەنە نوێیەكەی دیارنییە، لە شارۆچكەی پیرەمەگروون و ناوچەكانی دیكە دیمەنی راستەوخۆی ئەو كەسانەی گواستووەتەوە كە پەلاماری دامودەزگا حكومییەكان و بارەگا حزبییەكانیانداوەو وەك ھاندان چاوپێكەوتنیان لەگەڵ ئەو كەسانە كردووە.