فراكسیۆنی نەتەوەیی: خۆپێشاندانەكان پیلانێكی دەرەكیان لە پشتە
"پێویستە پارلەمان بە دانیشتنێکی نائاسایی ئەم مەسەلەیە یەکلا بکاتەوە"
K24 - ھەولێر
لە راگەیاندراوێكدا لەبارەی خۆپێشاندانەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە فراکسیۆنی نەتەوەیی لە پەرلەمانی کوردستان، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە خۆپێشاندانەكان پیلانێكی دەرەكیان لە پشتە و لە رێگای پیاوەکانیانەوە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێی دەکەن و ئەوەش خراوەتەڕوو كەناڵەكانی گۆڕان و ئێن ئارتی بوونەتە بڵندگۆی رووخاندنی حكومەت.
لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "ئێمە پشتیوانی لە هەموو جۆرێکی دەربڕینی ناڕەزایی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی مافە سەرەتایی و سروشتیەکانیان دەکەین کە لەسەرەوە باسمان لێ کردن. ئەو پشتیوانیەمان بە مەبەستی بەرجەستەبوون و سەرکەوتنی سیاسەتی بەریتانیا، ئەمەریکا و ئێران و ئیسرائیل نییە، کە لە ئێستادا (بە چوار قۆڵی) نەخشەیان بۆ کێشاوە و لە رێگای پیاوەکانیانەوە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێی دەکەن".
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا ئەوەخراوەتەروو: "کەناڵەکانی راگەیاندن بە ئاشکرا خۆیان ساغکردۆتەوە. بە جۆرەك کە کەناڵەکانی ئێن. ئاڕ. تی (زمانحاڵی نەوەی نوێ) و کەناڵەکانی سەر بە بزوتنەوەی گۆڕان و میدیا سێبەرەکانیان، بوونەتە بڵندگۆی دروشمی ڕوخاندنی حکومەت. لە لایەکی تریشەوە میدیاکانی سەر بە پارتی و باڵێکی یەکێتی ڕووداوەکان بچووکتر لە خۆیان وێنا دەکەن. کە ئەمەش لە نەبوونی کەناڵێکی نیشتیمانی حکومی ، پیشەیی و شەفافەوە دێت".
دەقی راگەیەندراوەكەی فراکسیۆنی نەتەوەیی لە پەرلەمانی کوردستان
کوردستان یان نەمان جەماوەر سەرچاوەی بوون و دەسەڵاتە قەیرانی دارایی و سیاسی و ئاستی خزمەتگوزاریەکان و بەتایبەتی مەسەلەی چارەکەمووچە، ئاستی خۆڕاگری خەڵکی هەرێمی کوردستانی گەیاندۆتە لوتکە، هەر بۆیەش دەنگی ناڕەزایی خەڵک و دەربڕینی ناڕازاییان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی کاردانەوەیەکی سروشتی و مافی خەڵکە.
ئێستاش، دوابەدوای ڕوداوەکانی ئەمڕۆ لە چەند شار و شارۆچکەیەکی کوردستان، بۆچوونی خۆمان لەسەر ئەم بار و دۆخە لەم چەند خاڵە دەخەینەڕو.
یەکەم: ئێمە پشتیوانی لە هەموو جۆرێکی دەربڕینی ناڕەزایی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی مافە سەرەتایی و سروشتیەکانیان دەکەین کە لەسەرەوە باسمان لێ کردن.
دووهەم: ئەو پشتیوانیەمان بە مەبەستی بەرجەستەبوون و سەرکەوتنی سیاسەتی بەریتانیا، ئەمەریکا و ئێران و ئیسرائیل نیە، کە لە ئێستادا (بە چوار قۆڵی) نەخشەیان بۆ کێشاوە و لە ڕێگای پیاوەکانیانەوە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێی دەکەن.
سێهەم: شەرمەزاریە بۆ ئەو کەسانەی کە لە ژوورەکانیان لەبەر سپلیت دانیشتون و فرمانی ئاغاکانیان بە ڕۆڵە دڵگەرم و توڕەکانی نەتەوەکەمان جێبەجێ دەکەن. ئەمانەی کە خۆیان ئامادە کردوە بۆ شوێنگرەوەی پۆستی سەرۆکایەتی حکومەت و داتاشراوەکانی ئیدارەی سیاسی هەرێم، پێویستە بایی ئەوەندە جورئەتیان هەبێت کە خۆیان بێنە ڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندەران.
چوارەم: یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە بەرپرسیار نازانین لەم پێشهاتانە. چونکە یەکێتی شتێک لە ناویدا بە ناوی ناوەندی بڕیار نەماوە هەتا ڕەخنە، یان سەرنجیان بەرەوڕبکرێتەوە. پارتی دیموکراتی کوردستان وەک گەورەترین قەوارەی سیاسی و بە دەسەڵاتترین خاوەن جومگەکانی دەسەڵاتی سیاسی، زۆر خاو و بێ هەڵوێستەو، بە دوای ڕوداواکاندا هەڵدێت، لە بری ئەوەی خوێندنەوەی بۆ هەبێت و بەدوای چارەسەردا بگەڕێت.
پێنجەم: کەناڵەکانی راگەیاندن بە ئاشکرا خۆیان ساغکردۆتەوە. بە جۆرەک کە کەناڵەکانی ئێن. ئاڕ. تی (زمانحاڵی نەوەی نوێ) و کەناڵەکانی سەر بە بزوتنەوەی گۆڕان و میدیا سێبەرەکانیان، بوونەتە بڵندگۆی دروشمی ڕوخاندنی حکومەت. لە لایەکی تریشەوە میدیاکانی سەر بە پارتی و باڵێکی یەکێتی ڕووداوەکان بچووکتر لە خۆیان وێنا دەکەن. کە ئەمەش لە نەبوونی کەناڵێکی نیشتیمانی حکومی ، پیشەیی و شەفافەوە دێت.
شەشەم: هەڵوێست وەرگرتنی سەرۆکی پاڕلەمان بە چوونەناو ڕیزی خۆپیشاندەرانەوە، مانای نەمانی شەرعیەتی بەڕێزیانە وەک سەرۆکی پارلەمان، یان نەمانی ١١٠ ئەندام پارلەمانەکەی ترە. بۆیە پێویستە پارلەمان بە دانیشتنێکی نائاسایی ئەم مەسەلەیە یەکلا بکاتەوە.
حەوتەم: بە لەبەرچاوگرتنی دە سەڵاتی حیزب بەسەر هێزە ئەمنی و سەربازیەکاندا لە هەرێمی کوردستان، ئەگەر پارتی و یەکێتی و گۆڕان (وەک سێ حیزبی سیاسی کە خاوەنی هێزی چەکداری ئاشکرا و نهێنین)، توانای پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانەیان نیە، ئەوا بۆ گەڕانەوەی زەرەر لە نیوە، ئێمە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی و سیاسی و سەربازی، دابەشکردنی تەواوەتی هەرێمی کوردستان بە دوو ئیدارە بە باشترین چارەسەر دەزانین.
ئەم بۆچوونەی ئێمە ئارەزوو نیە، بەڵکو تەنیا دەریچەیەکی دەربازبوونە لە بارە ئاڵۆز و پڕ نەهامەتیەی نەتەوەکەمانی تێدا دەژی سەرفراز بێت نەتەوەی کورد ئاوەدان بێت خاکی پیرۆزی کوردستان.
فراکسیۆنی نەتەوەیی لە پەرلەمانی کوردستان