بڕیاری كردنەوەی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران نەگەیشتووەتە ورمێ

"توركیا داینەخستووە و ئێران زەرەرمەندە"

K24 - ھەولێر

تاكوو ئێستا بڕیاری كردنەوەی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران نەگەیشتووەتە بەرپرسانی پارێزگای ورمێی رۆژھەڵاتی كوردستان.

عەلی دیلمەقانیان، سەرۆكی ژووری بازرگانی پارێزگای ورمێ بە ئاژانسی ئیلنای ئێرانی گوتووە: "بەگوتەی وەزیری ناوخۆی ئێران دەبوایە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران بەرلە سێ رۆژ كرابایەوە، بەڵام تاكوو ئێستا ھیچ بڕیارێكی لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران یان ھیچ لایەنێكی پەیوەندیدار لە تاران بۆ كردنەوەی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران پێنەگەیشتووە".

 سەرۆكی ژووری بازرگانی ورمێ راشیگەیاندووە: "توركیا تەنانەت یەك رۆژ دەروازە سنوورییەكانی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان دانەخستووە، ئێران زەرەرمەندی یەكەمی داخرانی دەروازە سنوورییەكانە".