ئەنجوومەنی ئاسایشی هه‌رێم بۆ هاووڵاتییان: رێگە مه‌ده‌ن داوا ڕەواکانتان ئاوێتەی ئەجێندای سیاسیی گوماناوی بن

ڕاگەیەندراوێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، راگه‌یه‌ندراوێك له‌ باره‌ی رووه‌داوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی پارێزگای سلێمانی بڵاوده‌كاته‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، خۆپێشاندانی شارستانی و ئاشتیانە مافی هاوڵاتیانە، بەڵام ئەوەی دەبینرێ دەرچوونە لە چەمکی خۆپێشاندان.

له‌و راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتووه‌، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش داوا له‌ هاووڵاتییان ده‌كات، رێگە نەدەن داوا ڕەواکانیان ئاوێتەی ئەجندای سیاسیی گوماناوی ناوخۆیی و ناوچەیی ببن.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

"ڕاگەیەندراوێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە

بەداخەوە لەم چەند رۆژانەی رابردوودا گرژی و ئاڵۆزی لە چەند ناوچەیەکی سنووری سلێمانی و گەرمیان و هەلەبجە ڕووی دا کە زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە. خۆپێشاندانی شارستانی و ئاشتیانە مافی هاوڵاتیانە، بەڵام ئەوەی دەبینرێ دەرچوونە لە چەمکی خۆپێشاندان، بۆیە داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین رێگە نەدەن داوا ڕەواکانیان ئاوێتەی ئەجندای سیاسیی گوماناوی ناوخۆیی و ناوچەیی ببن.

لە سوونگەی پەرۆشیمان بۆ ئاسایشی نیشتیمانیی هەرێم، داوای وریایی و چاوکراوەیی زیاتری هاوڵاتیان دەکەین. پێویستە گەلەکەمان بە یەکهەڵوێستی ئەم قۆناغە ببڕێت .دەبوایە ئەم خۆپێشاندانانەی ئێستا بە ئاراستەی دژایەتی ئەو سیاسەتە ناڕەوایەی دەسەڵاتی بەغدا بێت کە لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر سیاسەتی ئابلوقەدان و برسی کردنی هاوڵاتیانی هەرێمیان گرتۆتە بەر.

دەسەڵاتدارانی بەغدا خۆیان لە دانووستان لەگەل هەرێم دەدزنەوە و لە هەمانکاتدا ئابلوقەی ئابووری و سیاسی و هەرەشەی سەربازیان لە سەر هەرێم بەردەوامە. ئەوان گرەو لە سەر تێکچوونی رەوشی ناوخۆیی هەرێم دەکەن، بۆیە ئەم رەوشە تەلە و داوێکی مەترسیدارە کە شیرازەی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرێم دەکاتە ئامانج. داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویستمان دەکەین هەستیاریی قۆناغەکە لەبەرچاو بگرن و رێگە نەدەن خەلکانێک لە پەنای داواکانی ئەوان پەلاماری دامودەزگاکان و موڵکی گشتی بدەن.

داوا لە هەموو دامودەزگا ئەمنیەکانی هەرێم دەکەین بە شێوەیەکی بەرپرسانە ڕووبەڕووی هەر کارێکی تێکدەرانە ببنەوە و سەرو ماڵی هاوڵاتیان و موڵکی گشتی و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێم بپارێزن.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

٢٠/١٢/٢٠١٧"