شاندی هه‌رێم به‌سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانی گه‌ڕایه‌وه كوردستان
شاندی هه‌رێم له سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ وڵاتی ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ چه‌ندین به‌رپرسی ئه‌و وڵاته كۆبووه‌وه
K24- هه‌ولێر:
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و شاندی یاوه‌ریان، سه‌ردانه فه‌رمییه‌كه‌یان بۆ ئه‌ڵمانیا به‌كۆتا هێنا و گه‌ڕانه‌وه كوردستان.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی و شاندی یاوه‌ریان له‌ڕێگه‌ی ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیله‌وه گه‌یشتوونه‌ته‌وه هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌مه‌ش دووه‌م سه‌ردانی شاندی حكومه‌تی كوردستانه بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا، دوای داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه، كه له‌سه‌ر بانگهێشتی وڵاتانی فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و هه‌وره‌ها به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی گۆڕانكاریه سیاسی و ئه‌منیه‌كانی سه‌ردانی ئه‌و وڵاتانه‌ی كردووه.
له هه‌ردوو سه‌ردانه‌كه‌دا، شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ گه‌وره به‌رپرسانی هه‌ریه‌ك له فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا كۆبوونه‌وه، له‌وانه‌ش، ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا و ئه‌نگێلا مێركل راوێژكاری ئه‌ڵمانیا. له سه‌رجه‌م كۆبوونه‌وه‌كاندا جه‌خت له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان كرایه‌وه.