پەرله‌مانتارانی یەكێتی ئەوروپا نامەیەكی ناڕەزایی ئاراستەی عەبادی دەكەن

"ھەرچی زووە گفتوگۆی ئەرێنی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان دەست پێبكەن"

K24 - ھەولێر

گرووپێك لە پەرلەمانتاری یەکێتی ئەوروپا نامەیەکی ناڕەزایی ئاراستەی عەبادی دەکەن و تێیدا نیگەرانی خۆیان سەبارە بە دانانی ئابڵوقە و داخستنی فرۆکەخانەکان و کەمکردنەوەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق دەردەبڕن، پەرلەمانتاران دەخوازن حکومەتی عێراق دەستبەجێ گفتووگۆی ئەرێنی و بونیادنەر لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست پێبکات.

لە دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا گرووپێک لە پەرلەمانتارانی دۆستی کوردستان نامەیەکیان ئاراستەی فێدریکا مۆگەرینی، بەرپرسی سیاسەتی ئاسایش و دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا کرد و تێیدا داوای داڕشتنی سیاسەتێکی هاوسەنگی یەکێتیی ئەروپایان کردبوو بەرامبەر عێراق  و هەرێمی کوردستان و بینینی رۆڵێکی زیاتری یەکێتی ئەوروپا لە نزیککردنەوەی بەغدا و هەولێر گەرەنتی کردنی مافەکانی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور. لە هەنگاوێکی نوێیاندا، ئەو گرووپەی پەرلەمانتاری ئەوروپی لە تێکڕای فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی ئەوروپا، نامەیەکیان ئاراستەی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق کردووە کە تێیدا نیگەرانی خۆیان سەبارە بە دانانی ئابڵووقە و داخستنی فرۆکەخانەکان و کەمکردنەوەی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق دەردەبڕن. لە نامەکەدا هاتووە، ئەوان دەخوازن حکومەتی عێراق دەستبەجێ گفتووگۆی ئەرێنی و بونیادنەر لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست پێبکات و هەروەها داواش دەکەن وەك نیازپاکی حەیدەر عەبادی، بەیاننامەیەك بڵاوبکاتەوە کە تێیدا جەخت لە سەر کیانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکاتەوە.

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا وێڕای پێشوازیکردن لەو نامەیەی پەرلەمانتارانی ئەوروپی، رایگەیاند، لە ماوەی رابردوودا و لە چوارچێوەی چالاکییەکانیان، بەردەوام کاریان لەسەر ئەوە کردووە کە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ فشار درووستکردن لە سەر لایەنی بڕیار بەدەستی یەکێتی ئەوروپا لە لایەك و حکومەتی فیدراڵی عێراقیش لە لایەکی دیکە و ھەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ بە دەستھێنانی پاڵپشتی زیاتری ئەوروپی بۆ ھەرێمی کوردستان.