کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەشداریی راهێنانی بەکۆمەڵی ئەمڕۆی ریال مەدریدی نەکرد
بە تەنیا چەند مەشقێکی بە تۆپ کرد
K24- هەولێر
کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تەنیا راهێنانەکانی ئەنجام دا
ریال مەدرید لەسەر ئامادەکارییەکانی بۆ یاریی کلاسیکۆ بەردەوامە و ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرجەم یاریزانەکانی راهێنانەکانی بۆ یاریی شەممە ئەنجام دا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە دوێنێ چوارشەممە بەشداریی راهێنانەکانی ریال مەدریدی نەکرد، ئەمڕۆ بە تەنیا مەشقەکانی ئەنجام دا و بە تەنیا چەند مەشقێکی بە تۆپ کرد.
گاریس بەیل و کەیلۆر ناڤاس و دانی کارڤاخال کە بەمدواییانە پێكانیان هەبوو، لە راهێنانەکانی ریال مەدرید ئامادەبوون و زیدان دەتوانێت لە یاریی شەممە سوودیان لێ ببینێت، تەنیا لۆکا زیدانی گۆڵپارێزی سێیەمی ریال مەدرید نەبێت، هێشتا لە پێکانەکەی بە تەواوەتی چاکنەبووەتەوە و ئەمڕۆش نەیتوانی بەشداریی راهێنانەکانی ریال مەدرید بکات.
دووی نیوەڕۆی سبەی هەینی ریال مەدرید دوایین راهێنانی بۆ کلاسیکۆ لە ڤالدیبیباس دەکات و رۆژی شەممە کاتژمێر 03:00ی دوای نیوەڕۆ بە کاتی هەولێر لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی بارسێلۆنا دەکات.

