نێچیرڤان بارزانی: دابەشكردنی مووچە بەردەوام دەبێت

"دەستێكی تێكدەر لەنێوە خۆپێشاندانەكان ھەیە"

K24 - ھەولێر

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیا تاوتوێی دەستپێكردنی گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدایان كردووە.

لە سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا نێچیرڤان بارزانی، ئاماژەی بۆ سەردانەكەیان بۆ ئەڵمانیا و كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دەرەوە و بەرگری و راوێژكاری ئەڵمانیا كرد و گوتی: "لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیا پڕۆسەی سیاسی و ھاوكاریكردنی ئەوروپا بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدامان تاوتوێكرد، ئەوەی ئێمە ھەستمان پێكرد ئەڵمانیا و فەرەنسا دەیانەوێت یارمەتیدەری ھەرێمی كوردستان بن لە چوارچێوەی دەستووری عێراق كێشەكان چارەسەر بكرێن، ئێمە جەختمان لە دەوە کردەوە کە ئێمە وەک هەرێمی کوردستان پابەندین بە دەستووری عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانمان بەپێی دەستوور، رێزمان بۆ بریارەکانی دادگای دەستووری هەیە و خوازیارین کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور دووپات کردەوە، پابەندین بە عێراقێکی یەکگرتوو کە بتوانێ ژیانێکی شایستە بۆ پێکهاتەکان دابین بکات".

لەبارەی خۆپێشاندانەكانی چەند رۆژی رابردووی سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "دەستێكی تێكدەر لەنێو خۆپێشاندانەكان ھەیە و دەیانەێت خۆپێشاندانەكان بەلارێداببەن".

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/8fcbdef9-fe14-44ef-9d49-2fcc27f5c719/122117QVW.ism/manifest

نێچیرڤان بارزانی ده‌رباره‌ی كشانه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵ گوتی: براده‌رانی گۆڕان ده‌مێكه‌ له‌ حكومه‌تدا نیین و له‌ ئیداره‌ی خۆجێی سلێمانی هه‌ر ده‌مێننه‌وه‌و بۆ كۆمه‌ڵیش له‌ میدیاكانه‌وه‌ بیستوومانه‌ و ده‌بوایه‌ داوای كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فه‌رمیان بكردایه‌ و هۆكاره‌كانی كشانه‌وه‌یان بۆ روونبكردینایه‌ته‌وه‌، چونكه‌ له‌ كاتێكدا ئێمه‌ داوای هه‌ڵبژاردنمان له‌ ماوه‌ی سێ مانگی داهاتوو كردووه‌، هیچ پاساوێك بۆ كشانه‌وه‌ له‌ ئێستادا نابینین".

هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌م پرسه‌ بابه‌تی یاسایشی تێدایه‌ و ده‌بێت ئه‌و وه‌زیرانه‌ ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ پێشكه‌ش بكه‌ن و سه‌رۆكوه‌زیران ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بدات، به‌ڵام ئێمه‌ چوار ساڵه‌ پێكه‌وه‌ین ئه‌وان ئێستا په‌نا بۆ كارێكی له‌و شێوه‌یه‌ ده‌به‌ن كه‌ چه‌ند مانگێك ماوه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن"

ده‌رباره‌ی نامه‌ی سه‌رۆككۆمار بۆ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌تی عیراق گووتی: "به‌ڵی نامه‌ی سه‌رۆككۆماریمان پێگه‌یشتووه‌و ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ ئه‌و دیداره‌ و هیوادارین سه‌رۆككۆمار رۆڵی خۆی بۆ ده‌ستپێكردنی ئه‌و گفتوگۆیانه‌ ببینێت".

ده‌رباره‌ی پاككردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌رانیش، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌ت و حزبیش ئاماده‌ی هه‌موو كارێكین و ئه‌وه‌ كاری كۆمیسیۆنه‌. خۆ ئه‌وانه‌ی مردوون هه‌موویان پارتی نیین و خه‌ڵكی هه‌موو لایه‌نه‌كان مردوون".

لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا رایگەیاند: "ده‌رباره‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌ و خاڵه‌ سنوورییه‌كان هه‌ڵوێستی ئێمه‌ هه‌رده‌م روون بووه‌و ده‌ستووری عێراق رێگه‌ی بۆ چۆنییه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی فڕۆكه‌خانه‌ و خاڵه‌ سنوورییه‌كان داناوه‌و له‌ ئه‌مڕۆوه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه‌ ئیداره‌ی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ به‌غدا پێكبهێنێ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌. له‌ راستیدا داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كان بۆ نه‌خۆش و گه‌یاندنی هاوكارییه‌ مرۆییه‌كان كێشه‌یان بۆ درووستبووه‌و هیوادارین له‌ سه‌ره‌تای ساڵی نوێوه‌ ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر ببن".

 نێچیرڤان بارزانی ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ھێز و لاواز له‌ به‌غداوه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كێشه‌كانی كورد بكرێت، ئه‌وه‌ كێشه‌كان وه‌ك خۆیان ده‌مێننه‌وه‌و داواكارین به‌غدا له‌ دیدگایه‌كی ستراتیژییه‌وه‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ر بده‌ن".

له‌باره‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌وه‌، نێچیرڤان بارزانی ئەوەی خستەڕوو: "دابه‌شكردنی مووچه‌ ئێستا و مانگه‌كانی دیكه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت".

گوتیشی: "به‌غدا رێگه‌ نادات سوود له‌ نه‌وتی كه‌ركووك وه‌ربگرێت و هه‌رێمی كوردستان بینێرێته‌ ده‌ره‌وه‌ یان‌ خۆیان بیفرۆشن و پاره‌كه‌ی بدرێته‌ مووچه‌ و ره‌وشی خه‌ڵكی پێ چاك بكرێت".

سەبارەت بە كەمكردنەوەی مووچەی پێشمەرگە سەرۆكی حكومەت ئاشكرای كرد: "لەگەڵ وەزیری دارایی بەردەوام لە دانیشتنداین بۆ ئەوەی بزانین چۆن رێكی بخەین، دەبێ وەزارەتی پێشمەرگە و یەكەكانی 70 و 80 دەبێ یارمەتیدەربن ھەوڵدەدەین كێشەكانیان چارەسەر بكەین".