له هه‌ولێر به‌م فێڵه پاره له ماڵان كۆده‌كه‌نه‌وه
قائیمقامییه‌تی قه‌زای ناوه‌ندی هه‌ولێر هاووڵاتییان ئاگادارده‌كاته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
قائیمقامییه‌تی قه‌زای ناوه‌ندی هه‌ولێر له راگه‌یه‌ندراوێكدا، هاووڵاتییانی شاری هه‌ولێر ئاگادار ده‌كاته‌وه، هه‌ر كه‌سێك به ناوی شاره‌وانی له ده‌رگای دا‌و داوای پاره‌ی كرد، پێی مه‌ده‌ن.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتووه، ئه‌مڕۆ چه‌ند حاڵه‌تێكی له‌و شێوه‌یه له گه‌ڕه‌كی راستی شاری هه‌ولێر تۆماركراوه و له ده‌رگای چه‌ند ماڵێكیان داوه، گوایه ئه‌وان له‌لایه‌ن شاره‌وانییه‌وه هاتوون و داوا ده‌كه‌ن كیسی نایلۆنی زبڵ و پاشماوه "عه‌لاگه‌یان" به بڕی 10 هه‌زار دینار لێبكڕن.
هاوكات له‌گه‌ڵ پێدانی عه‌لاگه و وه‌رگرتنی پاره‌كه‌ش، پلیت "وه‌سڵ"ێك ده‌ده‌نه خاوه‌ن ماڵه‌كه، گوایه كاره‌كه‌یان فه‌رمییه و له‌لایه‌ن شاره‌وانییه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت.
قائیمقامییه‌تی قه‌زای ناوه‌ندی هه‌ولێر، وێڕای ئه‌وه‌ی بوونی هه‌ر كارێكی له‌و شێوه‌یه به فه‌رمی ره‌تده‌كه‌نه‌وه، داواش له هاووڵاتییان ده‌كان، له بینینی هه‌ر حاڵه‌تێكی له‌مجۆره، راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به ژماره مۆبایله‌كانی 07502224466 و 07502224488 بكه‌ن و ئاگاداری‌یان بكه‌نه‌وه.