ئه‌وانه‌ی به‌ نایاسایی خانه‌نشینكراون مووچه‌كانیان ده‌بڕن

په‌رله‌مانی كوردستان یاسای بۆ ده‌رده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

بڕیاره‌ ئەم هەفتەیە پەرلەمانی کوردستان بە یاسایەک مووچەی سەرجەم ئه‌و خانه‌نشینكراوه‌ پلەباڵایانه‌ هەڵوەشێنێتەوە، كه‌ به‌ نایاسایی خانه‌نشین كراون.

بۆتان بەکر، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی گشتی له‌ سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند: "لەم هەفتەیەدا پەرلەمانی کوردستان بە یاسایەک مووچەی سەرجەم خانه‌نشینكراوه‌ نایاساییه‌ پلەباڵاکان هەڵدەوەشێنێتەوە. ئاماژەی بەوەشدا، بە هەڵوەشاندنەوەی مووچەی خانەنشینانی نایاسایی پلە باڵاکان پارەیەکی زۆر بۆ گەنجینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە".

پێشتر سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردبووەوە، کە حکومەت کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی مووچەی خانەنشینانی نایاسایی پلەباڵاکان دەکات.