"مووچه‌ی پێشمه‌رگه ده‌ستکاریی ناکرێت"
ئومێد خۆشناو: ته‌نها بڕێكی كه‌م له پله‌باڵاكان كه‌مده‌كرێته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
ئومێد خۆشناو، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانی كوردستان، ده‌ڵێت: "ده‌ستكاری مووچه‌ی پێشمه‌رگه ناكرێت و له سه‌رچاوه‌یه‌كی بڕیاربه‌ده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه دڵنیاكراوینه‌ته‌وه".
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی ئه‌مڕۆ شه‌ممه 23/12/2017 له فه‌یسبووكه‌وه نوسیوویه‌تی "چه‌ند ڕۆژێکه ده‌نگۆی ده‌ستکاریکردنی موچه‌ی پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌کانی کوردستان هه‌بوو. ڕۆژانه ده‌رباره‌ی ئه‌م پرسه چه‌ندین په‌یوه‌ندی هه‌بووه، هه‌روها ئێمه له‌فراکسیۆنی پارتی به‌به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كان له‌سه‌ر هێڵ بووین وبه‌دواداچونمان ده‌کرد".
ئومێد خۆشناو ده‌ڵێت: "به‌خۆشحاڵیه‌وه ئێستا له‌سه‌رچاوه‌یه‌کی بڕیار به‌ده‌ست وپه‌یوه‌نداری حکومی دڵنیاکراینه‌وه که به‌هیچ شێوه‌یه‌ک مووچه‌ی پێشمه‌رگه ده‌ستکاری ناکرێت و له‌نزیکترین کات ده‌ست به‌دابه‌شکردنی ده‌کرێت".
هه‌روه‌ها زانیاری زیاتری خستووه‌ته‌ڕوو و نوسیوویه‌تی "ته‌نها ئه‌وه‌ی ده‌ستکاری ده‌کرێ، بڕێکی که‌م موچه‌ی پله داره‌کانه. هه‌ربۆیه ئێمه له فراکسیۆنی پارتی ته‌ئکید ده‌که‌ینه‌وه که، له‌گه‌ڵ هه‌نگاوه‌کانی پڕۆسه‌ی چاکسازی وپێداچوونه‌وه به مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رو چاککردنی بژێوی ژیانی هاوڵاتیانی کوردستانین و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک پشتیوانی له‌هه‌نگاوه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ین بۆ ده‌ربازبوون له‌م دۆخه نه‌خوازراوه وباوه‌ڕمان به چاره‌سه‌ری وچاکبوون و ده‌ربازبوون له‌و دۆخه کاتیه هه‌یه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "هه‌ڵبه‌ت پشتیوان و پشتگیری خواسته‌کانی پێشمه‌رگه‌ی هێمای مانه‌وه‌و به‌ره‌ڤانی کوردستان بووین وده‌بین".